رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا لەبارەی ئەگەری گرێبەستکردن لەگەڵ نیکۆ ویلیامز، هێرشبەری ئیسپانی و یانەی ئاتلێتیک بیلباوەوە قسەدەکات، لەکاتێکدا میدیای ئیسپانی دەڵێت ئەو یاریزانە نزیکە رووبکاتە یانە کەتەلۆنییەکە.
دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا لەبارەی کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە یانەکەوە قسەیکرد و لەسەر ئەگەری گواستنەوەی نیکۆ ویلیامزەوە گوتی "روونە ئەو یاریزانە مەرجی هەڵوەشاندنەوە لە گرێبەستەکەیدا هەیە، ئێمە لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی بزانین یاریزانەکە چی دەوێت، ئێستا دەبێت بزانین چی دەبێت بۆ ئەوەی کارەکانی گرێبەستەکە تەواو بکەین."
بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسا زیاتر دەڵێت "پێوەرێکی روون هەیە بۆ هەر یاریزانێک کە بیەوێت پەیوەندی بە یانەکەوە بکات، ئەویش ئەوەیە دەبێت باوەڕی بە پڕۆژەی یانەکە هەبێت، گرێبەستی ویلیامز لە وەرزی رابردوودا نەکرا، هەرچەند پێشینەی گرێبەستەکانی من گواستنەوەی دانی ئۆلمۆ بوو."
دیکۆ زیاتر لەو بارەیەوە قسەیکرد و گوتی "ئەمڕۆ نیکۆ لەگەڵ یاریزانەکانی دیکە خواستی روون بۆ هاتن بۆ یانەکە پێشاندەدەن، ئەگەر بارودۆخەکە باشبێت، بە دڵنیاییەوە هەوڵی تەواوکردنی کارەکانی گرێبەستەکە دەدەین."
ئەم قسانەی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا لەبارەی گواستنەوەی نیکۆ ویلیامزەوە لەکاتێکدایە، ماوەیەکی زۆرە ناوی ئەو یاریزانە بە یانەکەوە بەستراوەتەوە و میدیای ئیسپانیا دەڵێت "ئەگەری هەیە ئەم هاوینە گرێبەستەکە رووبدات."
پێشتر خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا رایگەیاندبوو، لە گواستنەوەی هاوینەدا کاردەکەین بۆ ئەوەی تیپێکی بەهێزمان هەبێت، دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکەش دەڵێت "ئەرکی سەرەکی من ئەوەیە تیپێکی بەهێز بخەمە بەردەستی راهێنەری یانەکەمان."
نیکۆ پەیوەندییەکی زۆرباشی لەگەڵ بارسێلۆنا و یاریزانەکانی هەیە و زیاتر لە جارێک خواستی خۆی بۆ پەیوەندیکردن بەو یانەیە پێشانداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ