هیلال دەیەوێت یەکەم بردنەوە تۆماربکات و ئینزاگی هۆشداری دەدات

22-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هیلال مۆندیالی یانەکان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هیلالی سعودی دەیەوێت یەکەم بردنەوە لە رکابەرییەکانی مۆندیالی یانەکاندا تۆماربکات و هەنگاوەکانی بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە دەستپێبکات.
 
هیلال دوای ئەوەی لە یاریی یەکەمیدا بەشێوەیەکی زۆرباش بەرامبەر یانەی ریال مەدرید دەرکەوت و بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک یەکسانبوون، بە ورەیەکی بەرزەوە خۆی بۆ دووەم یاریی رکابەرییەکانی مۆندیالی یانەکان ئامادەکردووە و تیپەکە بەهەموو یاریزانەکانییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی سالزبۆرگی نەمسایی ئامادەیە.
 
سالزبۆرگ لە یاریی یەکەمیدا سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی پاچوکای مەکسیکی بەدەستهێناوە و بەبردنەوەی ئەم یارییە یانەکە راستەوخۆ دەگاتە قۆناخی شازدەی مۆندیال، بۆیە ئەوانیش دەیانەوێت سوود لەو هەلە مێژووییە وەربگرن.
 
یاریی نێوان هەردوو یانە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە کاژێر 01:00 بەکاتی باشووری کوردستان لەسەر یاریگەی ئاودی فیێڵد لە واشنتن بەڕێوەدەچێت.
 
سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری یانەی هیلال بەر لە یارییەکە گوتی "دەزانین لە یاریی یەکەمدا چیمان کرد، یاریزانەکان بەرامبەر ریال مەدرید زۆر ئازابوون، بەڵام لە هەمان کاتدا دەزانین بەرامبەر سالزبۆرگ بە هەمان رێباز یاری بکەین، چونکە ئێمە بەرامبەر تیپێک یاری دەکەین، پێشتر لە ئینتەرمیلان لە چامپیۆنزلیگدا رووبەڕوویان بوومەتەوە و خاوەنی یاریزانی گەنجی زۆرباشن و لە پاچوکایان بردووەتەوە، بۆیە پێویستە بەهەمان سەرنجی یاریی بەرامبەر ریال مەدرید یاری بکەین."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە