لە یاریی جیرۆنادا شەڕ لەنێوان ئەلۆنسۆ و ڤینیسیۆسدا روویداوە

01-12-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چابی ئەلۆنسۆ ڤینیسیۆس جۆنیۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لەمیانی یارییەکەی دوێنێ یەکشەممە بەرامبەر جیرۆنا لە خولی ئیسپانیا، بەڕووی ڤینیسیۆس جونیۆری یاریزانیدا تەقیوەتەوە و دووبارە زۆر لێی تووڕە بووە.
 
دوێنێ ریال مەدرید کەوتە داوی یەکسانبوونەوە بەرامبەر جیرۆنا بەئەنجامی 1-1، بەمەش پێشەنگی ریزبەندیی خولی ئیسپانیای لەدەستدا و کەوتە دەست بارسێلۆنای رکابەری.
 
لەوەش خراپتر دووبارە تووڕەبوونەوەی چابی ئەلۆنسۆ بوو لە ڤینیسیۆس جۆنیۆر، کە پێشتر شەڕ لە نێوانیاندا روویدا بوو.
 
لە یارییەکەدا چابی ئەلۆنسۆ لە دیمەنێکدا کە هەندێک لە کامێراکانی تایبەت  گرتوویانە، زۆر لە ڤینیسیۆس جونیۆری یاریزانی بەرازیلی تووڕە دەبێت، بەهۆی پابەندنەبوونی ناوبراو بە ئەرکەکانی و ئەو شوێنەی کە بۆی دیاریکردووە.
 
ڤینی لە خولەکی 61 گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام بەهۆی ئۆفسایدەوە رەتکرایەوە؛ ئەمەش وای لێکرد بچێتە دەمەقاڵێوە لەگەڵ ناوبژیوان.
 
کامێرای یارییەکە گفتوگۆی چابی ئەلۆنسۆی لەگەڵ ڤینیسیۆس تۆمارکرد، کە تێیدا داوای لێکرد کەمێک بێدەنگ بێت و بەرەو لای باڵەکە بڕوات (پابەندی شوێنی خۆی بێت).
 
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی ریال مەدرید، باس لەوە دەکەن کە ئەلۆنسۆ ئەوکات بە ڤینی گوتووە "بەسە" ئەویش ویستوویەتی بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام ئەمجارە ئەلۆنسۆ زۆر بەتووڕەیی پێیگوتووە "بێدەنگ بە و پابەند بە".
 
بەگوێرەی هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، نێوانی ئەلۆنسۆ و ڤینیسیۆس باش نییە و لەو کاتەوەی کە لە کلاسیکۆدا گۆڕانکاری بە ڤینیسیۆس کرا و ئەویش بەگژ راهێنەرکەیدا چووەوە و پێیگوت "تۆ گۆڕانکاری بە من دەکەی؟! من ڤینسییۆسم".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە