بۆدۆ دەیەوێت یەکێک لە جوانترین چیرۆکەکانی چامپیۆنزلیگ بەناوی خۆیەوە بکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بۆدۆ گلیمت ئینتەرمیلان چامپیۆنزلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی یاریی مان و نەمان دەکات و جگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە بۆ ئەوەی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا بمێنێتەوە و بگاتە قۆناخی شازدە.
 
لە یاریی گەڕانەوەی پاشکۆی چامپیۆنزلیگدا، یانەی ئینتەرمیلان لە جۆسێپی میازا لە میلانۆ، بەرامبەر یانەی بۆدۆ گلیمتی نەرویجی یاریی دەکات و پێویستە یارییەکە بباتەوە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی داهاتوو.
 
لە یاریی چووندا یانە ئیتاڵییەکە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، بە گۆڵێک بەرامبەر سێ گۆڵ دۆڕا و ئەرکی لە یارییەکەی ئەمشەودا قورس دەبێت.
 
لاوتارۆ مارتینێز، هێرشبەر و گۆڵکاری ئینتەرمیلان بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، بەمەش لە هێڵی پێشەوەدا کریستیان کیڤۆی راهێنەری یانەکە لە هێڵی پێشەوەدا رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە.
 
پێشەنگی سێری ئا سێ رۆژ لەمەوبەر لەسەر ئاستی ئیتاڵیا بردنەوەیەکی دیکەی تۆمارکرد و شوێنی خۆی لە پلەی یەکەمی ریزبەند بەهێزتر کرد، ئەوان لە یاریگەی خۆیاندا یاریی دەکەن و دەیانەوێت سوود لە هاندەرانیان وەربگرن بۆ ئەوەی دۆڕاندنیان لە یاریی چووندا بۆ بردنەوە بگۆڕن و بگەنە قۆناخی داهاتوو.
 
یانەی بۆدۆ گلیمتی نەرویجی دەیەوێت هەنگاوە مێژووییەکانی لە چامپیۆنزلیگدا تەواو بکات و یەکێک لە دیارترین یانەکانی ئەورووپا لە خولەکە بکاتە دەرەوە، سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئینتەرمیلان یاریی دەکات.
 
بۆدۆ لە یاریی چووندا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و توانیی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئینتەرمیلان بباتەوە و ئەمشەو دەیەوێت رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ بکات.
 
یانە نەرویجییەکە یەکەمجارە بەشداری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا دەکات، ئەوان لە دوایین دوو گەڕی قۆناخی خولدا سەرکەوتنیان بەرامبەر مانچێستەر سیتی و ئاتلێتیکۆ مەدرید بەدەستهێنا و لە یاریی چوونیشدا بردنەوەیەکی گرنگیان تۆمارکرد، ئەمشەویان چاویان لەوەیە بۆ هەموو ئەورووپای دووپاتبکەنەوە هاتنیان تاوەکو ئێرە لە پاڵەوانێتییەکەدا رێککەوت نییە.
 
ئەوەی ئەرکی بۆدۆ گلیمت زەحمەت دەکات، ئەوەیە ئەوان لە مانگی 11ـی ساڵی رابردووەوە خولی ناوخۆیان تەواو بووە و جگە لە یاریی دۆستانە هیچ یارییەکی فەرمیان لەسەر ئاستی ناوخۆ ئەنجامنەداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە یاریی چووندا وەکو پاڵەوان بەرامبەر ئینتەرمیلان دەرکەوتن و بردنەوەیەکی مێژووییان تۆمارکرد.
 
ئینتەرمیلان پێویستە بە جیاوازیی دوو گۆڵ سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی هەلی ئەوەی هەبێت بگاتە قۆناخی داهاتوو، ئەوەش ئاسان نییە.
 
براوەی یاریی نێوان ئینتەرمیلان و بۆدۆ گلیمت لە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگدا، بەرامبەر یەکێک لە یانەکانی مانچێستەر سیتی و سپۆرتینگ لیسبۆنە یاریی دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە