کلاسیکۆ ناکۆکییەکانی نێوان ڤینی و ئەلۆنسۆی تەقاندەوە

27-10-2025
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جونیۆر چابی ئەلۆنسۆ کلاسیکۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وێڕای بردنەوەی ریال مەدرید لە بارسیلۆنا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، لە کلاسیکۆی یەکەمی نێوان هەردوو یانە، بەڵام ڤینیسیۆس جۆنیۆر بەشێکی زۆری سەرنجی میدیاکانی بۆخۆی راکێشا، پاشئەوەی لەکاتی گۆڕانکاری پێکردنی، بەئاشکرا ناڕەزایەتیی بەرامبەر چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەکە دەربڕی.
 
لە خولەکی 72ی یارییەکەدا، چابی ئەلۆنسۆی را‌هێنەر، گۆڕانکاری بە ڤینیسیۆس کرد و لە یارییەکە دەریهێنا و رۆدریگۆی خستە شوێنی، ئەمەش کاردانەوەیەکی تووندی ڤینیسیۆسی لێکەوتەوە، ڤینیسیۆس ئاماژەی تووڕەبوونەکەی بۆ ئەلۆنسۆ بوو و راستەوخۆ بە توڕەیی رۆیشتە ژووری جلگۆڕین.
 
گرتەی کامێراکان دەریانخست، ڤینیسیۆس لە کاتی گۆڕانکارییەکەی بە توڕەییەوە، دەڵێ "من؟ راهێنەر؟ راهێنەر، من؟ هەمیشە هەر من. من واز لە تیپەکە دەهێنم. باشترە من بڕۆم".
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، ئەلۆنسۆ بە وریاییەوە باسی رووداوەکەی کرد و گوتی "کەسایەتیی ڤینی؟ لە ژووری جلگۆڕیندا زۆر کەسایەتیی جیاواز هەن. ئێستا، چێژ لە بردنەوەکە وەردەگرین، پاشان دڵنیام قسەیەک دەکەین".
 
ئەمە یەکەم ناکۆکیی ڤینیسیۆس نییە لەگەڵ راهێنەرەکانیدا، لە وەرزەکانی پێشوودا لە ژێر دەستی کارلۆ ئەنچیلۆتی، یاریزانەکە ساتەوەختی هاوشێوەی توڕەیی یارییەکەی دوێنێی هەبوو، بەڵام ئەنچیلۆتی، توانی کەسایەتیی ڤینیسیۆس بە هاوسەنگکردنی کەسایەتییەکەی لەگەڵ داواکارییە تاکتیکییەکان و دڵنیابوون لەوەی یاریزانەکە لەسەر ئامانجەکانی تیپەکە بەردەوام بێت، رێکبخاتەوە.
 
دوای رووداوی تووڕەبوونەکە، پرسیارێک لەلای هەمووان سەریهەڵداوە: ئایا چابی ئەلۆنسۆ، کە هێشتا لە سەرەتای کارکردندایە لەگەڵ ریال مەدرید، دەتوانێت ئەستێرە گەورەکان بە کەسایەتی جیاوازەوە وەک ڤینیسیۆس جونیۆر، لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدریدا بەڕێوەببات؟
 
گومان لەوە لە ئارادایە کە تاوەکو ئێستا، ئەلۆنسۆ توانیبێتی مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ ژوورێکی جلگۆڕینی پڕ لە ئەستێرەی گەورەدا بکات و لە بەڕێوەبردنی ئەو هەموو ئەستێرەیە تاوەکو کۆتایی وەرز بەردەوام بێت.
 
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا گفتوگۆیەکی تایبەت لە نێوان ئەلۆنسۆ و ڤینیسیۆسدا بەڕێوە بچێت، کە دەتوانێت دۆخەکە روون بکاتەوە و رێگری لە پشێوی زیاتر لە نێوان ئەو یاریزانە و راهێنەرەکەیدا بکات لە داهاتوودا. 
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، کارگێریی یانەکە بە وردی چاودێری پەیوەندیی نێوان ئەلۆنسۆ و ڤینی دەکات، چونکە دەزانێت پاراستنی ئاشتی لە نێوان یاریزانە ئەستێرەکاندا هێندەی هەر بڕیارێکی تاکتیکی لە یاریگادا گرنگە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە