کامپ نو بۆ وادەی دیاریکراو ئامادە نابێت

28-06-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کامپ نو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دوای ئەوەی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا موژدەی گەڕانەوە بۆ یاریگای کامپ نوی دایە هاندەرانی یانەکەی، رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی رەتیکردەوە کە یاریگاکە بەتەواوی ئامادەبێت لەو وادەیەی سەرۆکی بارسا دیاریکردووە.
 
یانەی بارسێلۆنا بەشێوەیەکی فەرمی وادەی گەڕانەوەی بۆ یاریگەی سپۆتیفای کامپ نو راگەیاند و لە رێگەی ڤیدیۆیەکی تایبەتەوە رایگەیاند، رۆژی 10-8-2025 دەگەڕێتەوە بۆ یاریگەی سپۆتیفای کامپ نو، کاتێک لە یاریی جامی خوان گامبەردا یاری دەکات.
 
دوای ئەوەی لاپۆرتا وادەی گەڕانەوە بۆ کامپ نوی نوێ دیاریکرد، دوای نۆژەنکردنەوە و گەورەکردنی، رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی رایگەیاند "رۆژی 10ـی ئاب بارسێلۆنا دەگەڕێتەوە نێو یاریگا نوێیەکەی، بەڵام یاریگاکە بۆ ئەوە وادەیە بەتەواوی ئامادە نابێت و چەند شتێک بەردەست نابن".
 
لەو بارەیەوە رۆژنامەکە نووسیویەتی "خواردنی گەرم نییە!، بەرزکەرەوەی کارەبایی نییە، ئاودەست نییە!، شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل نییە!، تەنیا 25 هەزار هاندەر رێگەیان پێدەدرێت بچنە نێو یاریگە نەک 60 هەزار وەکئەوەی بارسا بانگەشەی بۆ دەکات!".
 
ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت "یانەی بارسێلۆنا داوای لە هاندەرانی کردووە ئارام بگرن و لەوە تێبگەن کە جۆش و خرۆش و خۆشی گەڕانەوە بۆ کامپ نو دوای دوو وەرز لە دوورکەوتنەوە لە هەموو ناڕەحەتییەکی کاتی زیاتر دەبێت".
 
هاندەرانی بارسێلۆنا بەپەرۆشن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێنەوە نێو کامپ نو، کە کارەکانی پڕۆژەی نوێکردنەوەی بەسەرکەوتوویی بەڕێوەدەچن.
 
بارسێلۆنا دەیەوێت کامپ نو بکاتە یەکێک لە جوانترین یاریگەکانی جیهان، کە بڕی 1 ملیار و 400 و 50 ملیۆن یۆرۆی لە چەند وەبەرهێنەرێک وەرگرتووە. 20 وەبەرهێنەر بوونەتە سپۆنسەری پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی کامپ نو. هیچ پارە و سامانێک وەک بارمتە بۆ ئەم پارەدارکردنە بەکارنەهێنراوە. 
 
سپۆنسەرەکان بە قیست پارەکانیان بە پڕۆژەکە دەدەن. قیستەکان لە ماوەی جیاوازدا، لە 5 ساڵ، 7 ساڵ، 9 ساڵ، 20 ساڵ و 24 ساڵ دەدرێن.
 
کامپ نوی نوێ ژمارەی کورسییەکانی لە 99 هەزارەوە دەکرێتە 105 هەزار کورسی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە