رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی رێککاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، سزای تووندی بەسەر هەردوو یانەی نەورۆز و زاخۆ سەپاند، بەهۆی شەڕوئاژاوەی هاندەران لە یاریی نێوان هەردوو یانە، لە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
لیژنەی رێککاری فیدراسیۆنە عێراقییەکە، کەمێک بەرلەئێستا بڕیاری خۆی لەبارەی رووداوەکانی یاریی نێوان هەردوو یانە راگەیاند و ئاشکرایکرد، هەردوو یانەکە تاوەکو کۆتایی وەرز، لە یاریگەی خۆیاندا بەبێ هاندەر دەبێ یارییەکانیان ئەنجام بدەن.
لیژنەکە دەڵێ تاوەکو کۆتایی وەرزی 2024 - 2025 هاندەرانی هەردوو یانە لە چوونە نێو یاریگەی یانەکانیان بێبەش دەکرێن.
لیژنەکە هەروەها بڕیاریداوە هەر یانەیەک لەو دوو یانەیە بەبڕی 25 ملیۆن دینار سزا بدات بەهۆی هەمان رووداوەوە.
لیژنەکە لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەیدا دەڵێ، "یاریی نێوان هەردوو یانە لە خولەکی 80ەوە تەواو دەکرێت لە یاریگەیەکی بێلایەندا کە لیژنەی پێشبڕکێکان، دواتر دەستنیشانیدەکات".
لە بڕیاری لیژنەکەدا هاتووە کە سەرپەرشتیاری یارییەکە هۆشداری دەدرێتێ و تاوەکو کۆتایی وەرز لەکارکردن رادەگیرێت لەبەرئەوەی هەڵسەنگاندنی بۆ لایەنی ئاسایشی یارییەکە لاواز بووە.
لیژنەکە، هەڵوەستەی بەرامبەر یانەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لە خولەکەدا کردووە و هۆشداری داونەتێ لەوەی ئاسایشی یاریگەکانیان بپارێزن. لیژنەکە دەڵێ، "پابەندکردنی یانەکانی هەرێم بەدابینیکردنی پاراستنی ئاسایشی پێویست بەپێی یاساکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و ئاسیا".
لە دوایی بڕیاری لیژنەکەدا هاتووە کە ئەو کەسانەی لە رووداوەکانی یارییەکەدا بیرینداربوون، مافی ئەوەیان دەدرێتێ سکاڵای یاسایی تۆماربکەن، بۆ ئەوەی لە رووی ماڵی و مانەوییەوە قەرەبوو بکرێنەوە.
لیژنەکە لە کۆتاییدا ئەوەی ئاماژەپێداوە کە هەموو بڕیارەکان مافی تێهەڵچوونەوە و تانەلێدانیان هەیە.
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی نەورۆز و زاخۆ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە خولەکی 80ی یارییەکەدا، ژمارەیەکی زۆری هاندەر چوونە نێو یاریگەوە و یارییەکە راگیرا و شەڕوئاژاوە لەنێوان هاندەرانی هەردوو یانەدا بەرپابوو، کە بەهۆیەوە چەندین کەس برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ