رووداو هەولێر
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە کاژێر 19:00 یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بە میوانداریکردنی یانەی کەرخ دوایین یاریی ئەم وەرزەی لەنێو یاریگەی خۆی ئەنجام بدات.
یانەی هەولێر دوای پیشاندانی ئاستێکی بەرز لە دوو یاریی رابردووی و بەدەستهێنانی شەش خاڵی گرنگ لە یانەکانی جەوییە و دهۆک، دەیەوێت لە یانەی کەرخیش بباتەوە و چەند هەنگاوێک لە ریزبەندیی خولەکە سەر بکەوێت.
بەبڕیاری سەمیر بابۆی راهێنەری یانەی هەولێر تیپەکە دوایین یەکەی ئامادەکاری ئەنجامدا، لە بەرامبەردا یانەی کەرخ دوای گەیشتنی بۆ شاری هەولێر دوایین راهێنانی ئەنجامدا.
ئەحمەد عەبدولجەبار، راهێنەری یانەی کەرخ لەبارەی یارییەکەیان بۆ رووداو گوتی "سەرەتا ئێمە رووبەڕووی یانەی هەولێر دەبینەوە، خۆشەویستییەکی زۆرمان بۆ ئەو تیپە گەورەیە و هاندەرانی هەیە، دەزانین یارییەکە سەختە و بەتایبەت کە لە دوو یاریی رابردوویدا لە یانەکانی جەوییە و دهۆکی بردەوە، زەحمەتە بۆ هەردوولا، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ یارییەکە ئامادەین".
ئەو هەروەها گوتی "ژمارەیەکی زۆری یاریزانانمان ئامادەی یارییەکە نابن، سێ یاریزانی پیشەگەر لە ریزی تیپەکەمان نەماون و دوو یاریزانی سەرەکیمان بەهۆی پێکان ناتوانن یاری بکەن، بەڵام یانەی کەرخ هەموو کات بەوە ناسراوە یاریزانی ئاستبەرزی لاوی نوێ دەردەخات لەخولی عێراق، لەو یارییەدا دەرفەت بە بەشداریکردنی یاریزانە لاوەکان دەدەم".
یانەی هەولێر بەکۆکردنەوەی 50 خاڵ لە پلەی یازدەمی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، یانەی کەرخ بە 43 خاڵ لە پلەی چواردەمە.
بەر لە تەواوبونی خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی شورتە بۆ وەرزی چوارەم لەسەر یەکدی نازناوەکەی بردەوە، یانەی زەورا لە پلەی دووەم هات و یانەی زاخۆ پلەی سێیەمی وەرگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ