فەرمی.. رووداو سپۆرتس هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی یانەی زاخۆ ئاشکرا دەکات

29-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن عەمار فەرهاد یانەی زاخۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ بۆ جاری سێیەم دەستلەکاردەکێشەوە و تاوەکو ئێستاش هۆکارەکەی بەتەواوی روون نەکراوەتەوە.
 
عەمار فەرهاد، لە ستۆریی ئینستاگرامەکەی نووسیوویەتی "هەموو سەرەتایەک کۆتاییەکی هەیە" لەگەڵیدا دوو دڵی سوور و سپی و ئیمۆجییەکی ماڵئاواییکردنی داناوە، ئەمەش بەو مانایەدێت کە سەرۆکی یانەکە دەیەوێت دەستلەکاربکێشێتەوە.
 
غەریب مەجید، پەیامێنێری رووداو لە زاخۆ رایگەیاند "لە سۆشیاڵ میدیایدا هێرشکراوەتە سەر عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ و ئەویش زۆر لەو ناڕەزایەتیانەی هاندەران نیگەرانبووە و ئەوە یەکێک لە هۆکارەکانی ماڵئاواییکردنی ئەو بووە."
 
هوشیار شەهباز، سکرتێری یانەی زاخۆ بە رووداوی گوت "نیوەڕۆی ئەمڕۆ، عەمار فەرهاد پەیوەندیی پێوەکردووم و پێیگوتم، ئاگاداری یانەکە بە و ئیدی ناگەڕێمەوە یانەکە، بەڵام ئێمە ئەوەمان قبوڵ نەکردووە."
 
سکرتێری یانەی زاخۆ زیاتر دەڵێت "عەمار فەرهاد، کەسایەتییەکی زۆر کاریگەر و بەهێزی یانەی زاخۆ بووە و بە دڵسوزییەکی زۆرەوە کاری دەکرد، بەڵام لە ماوەی رابردوودا بێرێزی بە خێزانەکانمان کراوە و ئەمەش بووەتە هۆکاری نیگەرانییەکەی."
 
سەرۆکی یانەی زاخۆ پێشتر لە هەڤپەیڤینێکی رووداو سپۆرتسدا لەگەڵ سامان وڵاتژێری گوتبووی "کارکردن وەکو سەرۆکی یانەی زاخۆ زۆر زەحمەتە، بەتایبەت کە یانەکە خاوەنی ژمارەیەکی زۆری هاندەرە و هەمیشە هاندەران داواکاریی باشترین ئەنجام و دەستکەوت لە کارگێڕیی یانەکە دەکەن و بەردەوام پێویستە لەژێر گۆشاردا کاربکەیت."
 
دەستلەکارکێشانەوەی عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ لەکاتێکدایە رۆژی سێشەممە لە یەکەم یارییاندا لە جامی کەنداودا، یانەی زاخۆ لەنێو یاریگەی دهۆک میوانداریی یانەی قادسیەی کوێتی دەکات.
 
ئەمە سێیەمجارە عەمار فەرهاد، دەست لە سەرۆکایەتی یانەی زاخۆ دەکێشێتەوە، بەڵام دووجاری رابردوو پەشیمانکراوەتەوە و درێژەی داوەتە کارەکانی، دیارنییە بۆ جاری سێیەم بەردەوام دەبێت یان نا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە