رووداو دیجیتاڵ
یانەی بایرلیڤەرکوزن دوو راهێنەری بۆ جێگرتنەوەی چابی ئەلۆنسۆ لە پلانەکانیدا داناوە، لە ئەگەری رۆیشتنی ئەو راهێنەرە لە یانەکە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا.
ماوەیەکی زۆرە ناوی ئەلۆنسۆ بە یانەی ریال مەدریدە بەستراوەتەوە و ئەگەری هەیە وەرزی داهاتوو ئەو راهێنەرە لەسەر کورسی راهێنەرایەتیکردنی یانە ئیسپانییەکە بێت، بەتایبەت کە کارلۆ ئەنچێلۆتی نزیکە لە بەجێهێشتنی یانەکە.
گۆڤاری کیکەری ئەڵمانی دەڵێت "ئێریک تێن هاگ، راهێنەری پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد، بەربژێری سەرەکییە بۆ ئەوەی لە دوای چابی ئەلۆنسۆوە ببێتە راهێنەری یانەکە و لە پلانەکانی یانەکەدایە." بەڵام تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس دەڵێت "تاوەکو ئێستا لیڤەرکوزن هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ ئەو راهێنەرە 55 ساڵە نەکردووە."
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یەکێکی دیکە لە بەژێرەکان بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەکە چاڤی هێرناندێز، راهێنەری پێشووی یانەی بارسێلۆنایە، کە ئەمیشیان هاوشێوەی تێن هاگ ئێستا بێ یانەیە.
ئەلۆنسۆ گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرکوزن تاوەکو هاوینی 2026ـە، بەڵام پێدەچێت بەر لە وادەی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی راهێنەرە ئیسپانییەکە لە یانە ئەڵمانییەکە بڕوات.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، رێککەوتن لەگەڵ ئەلۆنسۆ کراوە، تەنیا ماوە لەگەڵ ریال مەدرید لەسەر وادەی دەستبەکاربوونەکەی رێککەوتن بکەن.
هەر ئەمڕۆ، تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس دەڵێت "ئەلۆنسۆ بیر لەوە دەکاتەوە، جۆناتان تا، بەرگریکاری یانەکەی بێبەرامبەر لەگەڵ خۆی بباتە ریال مەدرید و پێیوایە ئەوە شتێکی زۆر تایبەت دەبێت، دوای ئەوەش کار بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ بەرگریکارێکی باڵی چەپ دەکات، رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانیش دەڵێت "یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ئەلۆنسۆ کاتێک دەبێتە راهێنەری ریال مەدرید ئەوەیە دەیەوێت فلۆریان ڤیرتز لەگەڵ خۆی بباتە ئەو یانەیە."
کارلۆ ئەنچێلۆتی، دوای لەدەستدانی نازناوی جامی شای ئیسپانیا، ئەگەرەکانی رۆیشتنی ئەو راهێنەرەی لە یانە ئیسپانییەکە زیاتر کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ