چابی ئەلۆنسۆ: پەیامەکانی لاپۆرتا پۆپۆلیستین و پەیوەندیم لەگەڵ بێلینگهام زۆر باشە

30-11-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن چابی ئەلۆنسۆ
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، پێش رووبەڕووبوونەوەی جیرۆنا لە لیگا، وەڵامی تووندی خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا دەداتەوە و هەموو ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکاتەوە کە باس لە هەبوونی کێشە دەکەن لەنێوان ئەو و جود بێلینگهام، هاوکات گەڕانەوەی بەرگریکارەکان رادەگەیەنێت.
 
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری ریال مەدرید لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکەیان بەرامبەر جیرۆنا لە گەڕی 14ـی لالیگا، جەختی لە گرنگیی بردنەوەی ئە یارییەکە کردەوە و رایگەیاند "پێویستمان بە بردنەوەیە بۆ ئەوەی بەردەوامبین لە کۆکردنەوەی سێ خاڵی دیکە، پێویستە لە رووی بەرگرییشەوە باشتربین".
 
سەبارەت بە پێکانەکان، ئەلۆنسۆ هەواڵێکی خۆشی راگەیاند و گوتی "هەریەکە لە رودیگێر، میلیتاو و ماستانتونۆ گەڕاونەتەوە، بەڵام دین هاوسن هێشتا ئامادە نییە".
 
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، راهێنەرەکەی مێرێنگی گوتی "لە هەموو لایەکەوە پەیامی پۆپۆلیستی دەبیسترێت ئاراستەی هاندەرانی خۆیان دەکرێت، ئێمە تەنیا سەرنج دەخەینە سەر کارەکانی خۆمان و گرنگ ئەوەیە لە نێو یاریگەدا چی روودەدات".
 
سەبارەت بە دەنگۆی کێشە لەگەڵ جود بێلینگهام، ئەلۆنسۆ هەموو شتێکی رەتکردەوە و گوتی "نەخێر بە هیچ شێوەیەک کێشەمان نییە و پەیوەندیم لەگەڵ جود زۆر باشە، ئەو یاریزانێکی جیهانییە و حەزی بە پێشکەوتنە".
 
لە کۆتاییدا راهێنەرەکەی ریال مەدرید ستایشی ئاستی ترێنت ئەلیکساندەر ئارنۆڵد و فێرلاند مێندی کرد و ئاماژەی بەوەدا پەیوەندی نێوان ڤینیسیۆس و کیلیان ئێمباپێ لە نێو یاریگەدا زۆر نایابە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە