رووداو دیجیتاڵ
کارۆلاین لێڤیت، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی دەڵێت، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رۆژی شەممە "پێشنیازێکی ورد و جێگەی پەسندی"ی بۆ رێککەوتنێکی ئەتۆمی پێشکێشی ئێران کردووە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی، بەرپرسانی واشنتن دەڵێن، پێشنیازە نووسراوەکەی ئەمریکا هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسەی بووەتە هۆی چەقبەستنی گفتوگۆکان، ئەویش داواکاریی ئێرانە بۆ بەردەوامبوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم لەنێو خاکی خۆی.
بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پرسەکە بە ئەکسیۆسیان گوتووە، یەکێک لە بیرۆکەکان لەلایەن عومانەوە خراوەتەڕوو و ئەمریکا پەسندی کردووە ئەوەیە کە ناوەندێکی هەرێمی بە بەشداریی وڵاتانی ناوچەکە لە دەرەوەی ئێران دروست بکرێت، بۆ ئەوەی یۆرانیۆم لە دەرەوەی ئێران بپیتێنێت، تاوەکو لە ژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و ئەمریکادا، بۆ مەبەستی ئاشتییانەی وەک دروستکردنی وزەی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکی بەکاربهێندرێت.
سەرچاوە ئاگادارەکە ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێک لە پرسیارە گەورەکان ئەوەیە دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمەکە لە کوێ دەبن.
بیرۆکەیەکی دیکە ئەوەیە ئەمریکا دان بە مافی ئێراندا بنێت بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، لە کاتێکدا ئێران بە تەواوی پیتاندنی یۆرانیۆمی خۆی بوەستێنێت.
ئێران بەردەوام رایگەیاندووە هیچ رێککەوتنێک واژۆ ناکات ئەگەر رێگە بە پیتاندن نەدات، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمریکی بە ئاشکرا بەڵێنیان داوە ئەو بژاردەیە لە ئێران قەدەخە بکەن. بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، دەبێت سازش بکرێت.
راپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە رۆژی شەممە بڵاوکرایەوە دەڵێت، ئێران زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی 60%ی کۆکردووەتەوە. ئەگەر بە رێژەی 90% بپیتێندرێت، بەشی 10 بۆمبی ئەتۆمی دەکات.
دووەم راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە رۆژی شەممە بڵاوکرایەوە، روونیکردەوە کە ئێران وەڵامی قایلکەری سەبارەت بە چەندین ناوچەی ئەتۆمیی رانەگەیێندراوی لە وڵاتەکەدا بە ئاژانسەکە نەداون.
سەرچاوەکان بە میدیا ئەمریکییەکەیان گوتووە، پێشنیازە نوێیەکە ئەنجامی پێنجەم گەڕی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا بووە کە هەفتەی رابردوو لە رۆما بەڕێوەچوو.
ئێرانییەکان داوایان کردبوو هەڵوێستی ئەمریکا بە نووسراو وەربگرن دوای ئەوەی ویتکۆف لە گەڕی چوارەمی گفتوگۆکاندا پێشنیازێکی زارەکی پێدابوون و لە گەڕی پێنجەمدا وردەکاریی زیاتری لەسەر دابوو.
بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان رۆژی شەممە لە سەردانێکیدا بۆ تاران، پێشنیازەکەی ویتکۆفی دایە دەست عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران.
بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، ئامانجیانە سەرەتا بگەنە "رێککەوتنێکی سەرەتایی" بۆ ئەوەی بنەماکانی رێککەوتنی فراوانی ئەتۆمی دیاری بکەن.
ئەگەر رێککەوتنێکی لەو جۆرە بکرێت، تیمە تەکنیکییەکانی هەردوولا رێککەوتنێک بە وردەکاریی تەواوەوە دادەڕێژن.
لێڤیت رایگەیاند: "لە بەرژەوەندیی هەرە باشی ئێراندایە پێشنیازەکە پەسند بکات."
عێراقچی گوتی، ئێران "بەگوێرەی بنەما، بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و مافەکانی گەلی ئێران" وەڵامی پێشنیازەکە دەداتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ