رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە گوتارەکەیدا لە لووتکەی رێکخراوی هاریکاریی شەنگهای لە شاری تیانجینی چین بەرگری لە هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەر ئۆکراینا کرد و رۆژئاوای تۆمەتبار کرد بەوەی لە هەڵگیرسانی ئەو جەنگە بەرپرسە؛ جەنگێک کە سێ ساڵ و نیوە بەردەوامە و بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و وێرانبوونی بەشێکی زۆری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا.
پووتین گوتی: "ئەم کێشەیە بەهۆی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەستی پێنەکرد، بەڵکو ئەنجامی کودەتایەک بوو لە ئۆکراینا کە رۆژئاوا پشتیوان و هاندەری بوو."
ئەو قسەیەی پووتین ئاماژەیە بۆ ئەو خۆپێشاندانانەی لایەنگرانی ئەورووپا کە لە ساڵانی 2013-2014 لە ئۆکراینا بەڕێوەچوون کە بوونە هۆی لەکارلادانی سەرۆکێکی لایەنگری رووسیا.
مۆسکۆ لە وەڵامدا نیمچەدوورگەی کریمیای بە رووسیاوە لکاند و پشتیوانی لەو جوداخوازانەی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کرد کە مەیلی رووسیایان هەبوو. هەر لەو کاتەوە لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا شەڕی نێوان جوداخوازەکان و حکومەتی ئۆکراینا دروست بوو.
سەرۆکی رووسیا هەروەها گوتی: "هۆکاری دووەمی کێشەکە، هەوڵە بەردەوامەکانی رۆژئاوایە بۆ راکێشانی ئۆکراینا بۆ نێو ناتۆ."
پووتین لە لووتکەی رێکخراوی هاریکاریی شەنگەهای قسەی دەکرد کە هاوپەیمانەکانی رووسیا، لەوانەش شی جینپینگ، سەرۆکی چین؛ نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئامادەی بوون.
مۆسکۆ و پەکین، رێکخراوی هاریکاریی شانگەهای وەک جێگرەوەیەک بۆ بلۆکە سیاسی و ئەمنییەکانی ژێر سەرکردایەتیی رۆژئاوا، لەنێویاندا ناتۆ دەناسێنن.
پووتین گوتی، جیهان پێویستی بە سیستمێکە کە جێگەی ئەو سیستمانە بگرێتەوە تێیاندا ئەورووپا و ئەمریکا سەنتەرن و گوتی، پێویستە "بەرژەوەندیی بەرفراوانترین بازنەی وڵاتان لەبەرچاو بگیرێ."
هەروەها گوتیشی: "ئێمە هەوڵ و پێشنیازەکانی چین، هیندستان و هاوبەشە ستراتیجییەکانی دیکەمان زۆر بەرز دەنرخێنین کە ئامانجیان بەشداریکردنە لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکراینا."
سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هانی مۆسکۆ و کیێڤی داوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، پێشنیازەکانی ئاشتی هیچیان لێ سەوز نەبووە.
پووتین داواکارییەکانی ئۆکراینا و رۆژئاواییەکانی بۆ ئاگربەست رەتکردووەتەوە و چەندین داواکاریی تووندی بۆ لکاندنی خاک و داواکاریی دیکەی سیاسی وەک مەرجی پێشوەختە بۆ ئاشتی خستووەتەڕوو، لەوانە داوایکردووە ئۆکراینا واز لە پشتیوانیی رۆژئاوا بهێنێت.
کیێڤ ئەو مەرجانەی بە بنبەست ناوبردوون و رەتیکردوونەتەوە.
سەرۆکی رووسیا گوتی، لە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دووقۆڵیدا لەگەڵ سەرکردە بەشداربووەکانی لووتکەی تیانجین، لە پەراوێزدا، باسی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە و دوایین گفتوگۆکانی لەگەڵ ترەمپ دەکات.
بڕیارە رۆژی دووشەممە لەگەڵ مۆدی، پزیشکیان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە جیا کۆببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ