رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی داواکاری گشتیی نیشتمانیی دژەتیرۆر (PNAT) لە فەرەنسا رایگەیاند، گەنجێکی ئەفغانیی تەمەن 20 ساڵ دەستگیرکراوە، بە گومانی هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ لقێکی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و ئەنجامدانی چالاکی بۆیان.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی داواکاری گشتیی نیشتمانیی دژەتیرۆر، کە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە، ئەو پیاوە بە فەرمی بە "بەشداریکردن لە رێکخراوێکی تاوانکاریی تیرۆریستی" و "دابینکردنی دارایی بۆ دامەزراوەیەکی تیرۆریستی" تۆمەتبار کراوە.
تۆمەتبارەکە، هەفتەی رابردوو لە شاری لیۆن دەستگیرکرا، خراوەتە ژێر دەستبەسەریی پێشوەختەی دادگاییکردن تاوەکو لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن.
یەکەی دژەتیرۆری فەرەنسا رایگەیاند: "ئەو گەنجە بە روونی پابەندی ئایدیۆلۆژیای جیهادییە و گومانی ئەوەی لێدەکرێت لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی لە خوراسان لە پەیوەندیدا بووبێت."
نووسینگەی داواکاری گشتیی نیشتمانیی دژەتیرۆر (PNAT) ئەوەشی ئاشکرا کرد، گومانلێکراوەکە "پارەی ناردووە" و هاوکار بووە لە وەرگێڕان و گواستنەوەی "پروپاگەندەی ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە" لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
دەوڵەتی ئیسلامیی خوراسان (داعش - خوراسان)، کە بە لقی ئەفغانستانی گرووپە جیهادییەکە دادەنرێت، جموجوولەکانی تەنیا لە ئەفغانستان سنووردار نەکردووە، بەڵکو لە پاکستان و وڵاتانی پێشووی یەکێتیی سۆڤیەت لە ئاسیای نێوەڕاست، لەنێویاندا ئۆزبەکستان، جموجووڵی هەیە.
ئەم گرووپە بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی چەندین هێرشی کوشندە لە ئەفغانستان و رووسیا راگەیاندووە، دیارترینیان هێرشەکەی مانگی ئاداری 2024 بۆ سەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە مۆسکۆ بوو، کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 150 کەس.
بەگوێرەی رۆژنامەی لۆ پاریزیانی فەرەنسی، ئەو گەنجە ئەفغانییە، چەند ساڵێک لەمەوبەر گەیشتووەتە فەرەنسا، لەلایەن ئەفسەرانی ئاژانسی هەواڵگریی ناوخۆیی (DGSI)ـەوە دەستگیرکراوە، لەکاتێکدا پێشتر لە بنکەیەکی دەستبەسەرکردنی ئیداری لە لیۆن راگیرابوو.
رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، تۆمەتبارەکە پێشتریش دۆسیەی هەبووە و بەهۆی "شکۆدارکردنی تیرۆر" لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرا، هەروەها بەشێوەیەکی بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو تیکتۆک و سناپچات پڕوپاگەندەی جیهادیی دەستکاری کردووە و بڵاویکردووەتەوە.
فەرەنسا لە ماوەی دەیەی رابردوودا بە شێوەیەکی بەردەوام کراوەتە ئامانجی هێرشی گرووپە ئیسلامییەکان، کە زۆربەی ئەنجامدەرەکانیان ئیلهامیان لە رێکخراوی قاعیدە یان رێکراوی داعش وەرگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ