رووداو دیجیتاڵ
یەکێتی ئەوروپا پێشتر رێنمایی بۆ وڵاتانی ئەندام دەرکردبوو کە بە شێوەیەکی کاتی گەشتکردنی ناپێویست بۆ ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکانیان رابگرن، بەڵام ئەمڕۆ ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا گۆڕانکاریی لە رێنماییەکانی گەشتکردن بۆ یەکێتییەکە ئەنجامدا.
بەگوێرەی رێنماییە نوێیەکان، تەنیا ئەو وڵاتانەی ئەم مەرجانەی خوارەوەیان تێدایە دەتوانن قەدەخەی سەر گەشتکردنی ناپێویست هەڵوەشێننەوە:
- لە 14 رۆژی رابردوودا، لە هەر 100 هەزار دانیشتوو، لە 25 کەس زیاتر تووشی کۆرۆنا نەبووبن.
- ژمارەی تووشبووانی رۆژانە بەراورد لەگەڵ 14 رۆژ لەمەوبەر، رووی لە کەمبوونەوە کردبێت.
- لە ماوەی 7 رۆژی رابردوودا، لە هەر 100 هەزار دانیشتوو، پشکنینی کۆرۆنا بۆ زیاتر لە 300 کەس کرابێت.
- رێژەی ئەو پشکنینانەی ئەنجامەکانیان پۆزەتیڤ بوون، لە ماوەی 7 رۆژی رابردوودا لە 4% زیاتر نەبووبێت.
- سرووشتی ئەو ڤایرۆسە زانراوبێت کە لە وڵاتەکەدا بڵاوبووەتەوە و دیاریکرابێت ئایا جۆرەکانی کۆرۆنای گۆڕاو تێیدا بڵاوبوونەتەوە یاخود نا.
جگە لەم مەرجانەی سەرەوە، کاردانەوەی گشتیی هەر وڵاتێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لەبەرچاو دەگیرێت، بەتایبەتیش چاودێریکردنی تووشبووان، بەدواداچوونی بەرکەوتووان، چۆنێتیی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە و چارەسەرکردنی تووشبووان.
ئەنجوومەنی ئەوروپا، وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا رادەسپێرێت کە هەرکاتێک ژمارەی تووشبووان بە خێرایی لە وڵاتەکانیاندا بەرزبووەوە، یانیش ژمارەیەکی بەرچاوی تووشبووانی کۆرۆنای گۆڕاو تۆمارکرا، ئەوا پێویستە دووبارە گەشتکردنی ناپێویست بۆ ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکانیان قەدەخە بکەنەوە. هەروەها لەو دۆخەدا دەتوانن هەندێک جۆر لە گەشتکردنی پێویستیش بۆ ماوەیەکی کاتی قەدەخە بکەن.
یەکێتیی ئەوروپا ئەم جۆرە گەشتانەی خوارەوە بە گەشتکردنی پێویست دادەنێت:
- گواستنەوەی پێداویستیی سەرەکی (خواردن، ئاو، کەلوپەلی پاکوخاوێنی و هتد).
- گەشتکردن بۆ ئەنجامدانی کارێک کە پێویست بێت بۆ ژیانی رۆژانەی خود یان خەڵکی دیکە.
- گەشتکردن بۆ هۆکاری پزیشکی.
- هەر گەشتێک کە لەلایەن حکومەتەوە مۆڵەتی پێدرابێت.
هاوکات ئەنجوومەنەکە ژمارەیەک رێنمایی نوێی تایبەت بە گەشتیاران بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئەو رێنماییانە، جگە لە کارمەند و کرێکارەکانی گواستنەوەی پێداویستییەکان و کارمەندانی بەرەی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، پێویستە هەموو ئەوانی دیکە، گەشتەکەیان چ پێویست بێت یان ناپێویست، پشکنینی پی سی ئاڕ (PCR)ی نێگەتیڤیان پێبێت، بە مەرجێک کە لە ماوەی 72 کاژێر زیاتر پێش گەشتەکەیان ئەنجام نەدابێت.
هەروەها پێویستە بۆ ماوەی 14 رۆژ خۆیان کەرەنتین بکەن و لەو ماوەیەدا ژمارەیەک پشکنین ئەنجامبدەن.
بۆ ئەو کەسانەشی لە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپاوە دێن کە جۆرە نوێیەکانی کۆرۆنایان تێدا بڵاوبووەتەوە، رێکاری تووندتری کەرەنتینکردن و پشکنین و بەدواداچوونی بەرکەوتووانیان دەگیرێتەبەر.
هاوکات ئەگەر بێتو ئەو رێکارانەی سەرەوە لەکاتی گەشتکردنێکی پێویست وابکەن کە گەشتیار بە ئامانجی گەشتەکە نەگات، ئەوا وڵاتانی ئەندام دەتوانن هاوئاهەنگی بکەن بۆئەوەی چاوپۆشی لەو رێکارانە بکەن.
هەموو ئەو کەسانەشی کە پێداویستییە سەرەکییەکان دەگوازنەوە، دەریاوانەکان و کارمەندانی بەرەی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، جگە لە پشکنینی نێگەتیڤی پی سی ئاڕ، هیچی دیکەیان لێ داواناکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ