مانگی رابردوو 7 هەزار و 803 کەس لە ئەڵمانیا داوای مافی مانەوەیان کردووە

02-09-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت، داواکاری بۆ پێدانی مافی مانەوە لە مانگی ئابدا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو نزیکەی 60% کەمیکردووە.
 
رۆژی سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025 وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا 7 هەزار و 803 لەو وڵاتە داوای مافی مانەوەیان کردووە، لەکاتێکدا لە هەمان مانگی پاردا ژمارەکە 18 هەزار و 427 کەس بوو.
 
کەمبوونەوەی داواکاری بۆ پێدانی مافی مانەوە لە ئەڵمانیا لەکاتێکدایە، حکومەت چەندین رێکاری بۆ سنووردارکردنی چوونی پەناخوازان بۆ وڵاتەکە گرتووەتەبەر.
 
حکومەت دەستی بە تووندکردنی سنوورەکانی وڵاتەکەی کردووە و ژمارەیەک کەسیشی دیپۆرت کردووەتە کە وەک تاوانبار ناسرابوون. 
 
هەروەها حکومەت پڕۆگرامی یەکگرتنەوەی ئەندامانی خێزانی سنووردار کردووە و پلانی هەیە رێنماییەکانی وەرگرتنی وڵاتینامەی ئەڵمانیا تووندتر بکات. 
 
ئەلێکساندەر دۆبرێنت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لەبارەی کەمبوونەوەی داواکارییەکە گوتی، ئەو ئامارانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی "گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی کۆچبەری کاردەکەن و رێکارەکان سەرکەوتوو بوون."
 
ئەو وەزیرە ئەڵمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، ئیدی تیشک دەخەنە سەر ئەوەی کە "سیستمی هاوبەشی پەنابەران لە ئەورووپا تووندتر بکەن بۆ ئەوەی گوشارەکان لەسەر ئەورووپا کەمبکەنەوە." 
 
لە مانگی تەمموزی ئەم ساڵدا 8 هەزار و 293 کەس داوای مافی مانەوەیان لە ئەڵمانیا کردبوو و لە هەمان مانگی ساڵی رابردووشدا ژمارەکە 18 هەزار و 5.3 کەس بوو. 
 
بەگوێرەی نووسینگەی فیدراڵی بۆ کۆچ و پەنابەران، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 70 هەزار و 11 کەس لە ئەڵمانیا داوای مافی مانەوەیان کردووە و لە حەوت مانگی پاریشدا ژمارەکە 140 هەزار و 783 کەس بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە