رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی ئەو شەوە باس دەکات تێیدا چوونە نێو "قەڵا پۆڵایینەکەی" مادورۆ. ترەمپ دەڵێت، ئەمەریکا خۆی راستەوخۆ ئیدارەی ڤەنزوێلا دەدات تاوەکو کاتی گواستنەوەی دەسەڵات و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت دەنێرێتە ئەو وڵاتە.
رۆژی شەممە، 03-01-2026، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ و هاوژینەکەی، نهێنییەکانی ئۆپەراسیۆنەکەی ئاشکرا کرد.
ترەمپ بە شانازییەوە باسی لە هێزی سوپاکەی کرد و گوتی: "درەنگانی شەوی ڕابردوو، بە فەرمانی من، هێزێکی یەکجار گەورەی ئاسمانی، زەوینی و دەریایی بەکارهێنرا. ئەمە پەلامارێک بوو خەڵک لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە وێنەیان نەدیوە."
سەرۆکی ئەمریکا دیمەنی هێرشەکەی بۆ سەر شوێنی مانەوەی مادورۆ لە دڵی کاراکاس وەک "قەڵایەکی سەربازیی قایم" وەسفکرد و گوتی: "بە چاوی خۆم بینیم، وەک ئەوەی سەیری بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی بکەم. مادورۆ ژوورێکی نهێنیی پۆڵایینی هەبوو، هەوڵی دا بچێتە ناوی، بەڵام هێزەکانمان هێندە خێرا بوون فریای داخستنی دەرگاکە نەکەوت."
ترەمپ باسی لەو تاکتیکە کرد کە بەکارهێنراوە: "کاراکاس تاریک بوو. بەهۆی شارەزایییەکی تایبەتیی ئێمەوە زۆربەی رووناکییەکانی شارەکە کوژێنرانەوە، لەو تاریکی و شەوەزەنگەدا ژن و پیاوانی سوپاکەمان مادورۆ و سیلیا فلۆرێسیان دەستگیر کرد."
"خۆمان وڵاتەکە بەڕێوە دەبەین"
سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی ڤەنزوێلا، ترەمپ لێدوانێکی یەکلاکەرەوەی دا و رەتیکردەوە دەسەڵات راستەوخۆ رادەستی لایەنێکی دیکە بکات.
ترەمپ گوتی: "ئێمە ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبەین تاوەکو ئەو کاتەی دەتوانین گواستنەوەیەکی سەلامەت و دادپەروەرانەی دەسەڵات بکەین. بە کورتی ئێمە بەڕێوەی دەبەین."
سەرۆکی ئەمریکا پاساوی بۆ ئەم بڕیارە هێنایەوە و گوتی: "ناتوانین سەرکێشی بکەین و رێگە بدەین کەسێکی دیکە دەسەڵات بگرێتەدەست کە خەمی خەڵکەکەی نەبێت. دەیان ساڵمان لەو شێوەیە بینی، رێگە بە دووبارەبوونەوەی نادەین. ئێستا ئێمە لەوێین و دەمێنینەوە."
پلانی نەوت: گەڕانەوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکان
بەشێکی سەرەکیی قسەکانی ترەمپ تەرخانکرا بۆ کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا، کە بە "مایەپووچ" وەسفی کرد.
ترەمپ گوتی: "ئەوان هیچ نەوتێکیان دەرنەدەهێنا. ئێستا ئێمە وا دەکەین کۆمپانیا زۆر گەورەکانی نەوتی ئەمریکا، کە گەورەترینن لە جیهاندا، بچنە نێو ڤەنزوێلاوە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئەو کۆمپانیایانە "ملیاران دۆلار خەرج دەکەن و ژێرخانە وێرانبووەکەی نەوت چاکدەکەنەوە و دەست بە پارە پەیداکردن دەکەنەوە بۆ وڵاتەکە." ترەمپ مادورۆی تۆمەتبار کرد بەوەی لە ساڵانی رابردوودا دەستی بەسەر نەوت و کەرەستەی کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا گرتووە کە بە "گەورەترین دزی لە مێژووی ئەمریکا" وەسفی کرد.
باندی (دیلا سۆلێس) و دادگاییکردن لە نیویۆرک
ترەمپ هۆکاری سەرەکیی دەستگیرکردنی مادورۆی بۆ "تیرۆری مادەی هۆشبەر" گەڕاندەوە و مادورۆی بە سەرکردەی باندی (دیلا سۆلێس) وەسفکرد.
ترەمپ گوتی: "مادورۆ بەرپرسە لە ناردنی بڕێکی زەبەلاحی ژەهری کوشندە (مادەی هۆشبەر) بۆ ناو ئەمریکا کە بووەتە هۆی کوشتنی سەدان هەزار هاووڵاتیی ئێمە. ئەو لەگەڵ باندەکانی وەک (ترێن دی ئاراگوا) دەستی هەبووە لە دەستدرێژی و کوشتنی ژنان و منداڵانی ئەمریکی، وەک جاسلین نونگاری تەمەن 12 ساڵ."
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، مادورۆ و هاوژینەکەی ئێستا لەسەر کەشتییەکن و بەرەو نیویۆرک دەگوازرێنەوە، لەوێ لە دادگای باشووری نیویۆرک رووبەڕووی تەواوی هێزی دادپەروەریی ئەمریکا دەبنەوە.
سولەیمانی و بەغدادی
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئەم ئۆپەراسیۆنەی بەستەوە بە زنجیرە هێرشەکانی رابردوو و گوتی: "ئەگەر سەیری بکەن، هێرشی سولەیمانی و بەغدادیشمان هەبوو، هەروەها ئۆپەراسیۆنی (چەکوشی نیوەشەو) بۆ سڕینەوەی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران؛ ئەمەش یەکێک بوو لەو هێرشە بێخەوشانە."
ترەمپ جەختی لە زیندووکردنەوەی "بنەماکانی مۆنرۆ" کردەوە (کە رێگە بە دەستوەردانی ئەمریکا دەدات لە نیوەگۆی رۆژئاوا) و گوتی: "ئیدی چیدیکە رێگە بە هێزی بیانی و تیرۆریست نادەین لە ناوچەکەی ئێمە تەراتێن بکەن. ئەوەی بەسەر مادورۆ هات، وانەیەکە بۆ هەمووان."
هەر لە هەمان کۆنفڕانس، فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا وردەکاریی ئەو ئۆپەراسیۆنە "ئاڵۆز و نهێنییەیان" ئاشکرا کرد کە بووە هۆی دەستگیرکردنی مادورۆ؛ ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداریی 150 فڕۆکە کرا.
جەنەراڵ رەیزن کەین، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالارەکانی ئەمریکا و پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەو وڵاتە وردەکاریی هێرشەکەیان خستەڕوو.
کەین رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بەر لە چەند مانگێک دەستیپێکردووە و "توانا هەواڵگرییە پێشکەوتووەکانمان بەکارهێناوە بۆ سەرخستنی."
بەرپرسە سەربازییەکە گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکە ئاڵۆز و ورد بوو، 150 فڕۆکە تێیدا بەشدار بوون و پرۆسەی پەکخستنی ئەلیکترۆنی (Jamming)ـیشی تێدا بەکارهێنرا."
ساتی گەیشتنە سەر ماڵی مادورۆ
کەین گوتی، کاتێک هێڵیکۆپتەرەکانیان گەیشتوونەتە سەر شوێنی مانەوەی مادورۆ، "تەقەیان لێکراوە" هەروەها لە کاتی کشانەوەشدا پێکدادان هەبووە، بەڵام "سەرجەم فڕۆکەکانمان بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە."
لەبارەی چارەنووسی سەرۆکی ڤەنزوێلاوە، فەرماندەکە گوتی: "مادورۆ و هاوژینەکەی خۆیان رادەست کرد و لەلایەن ئەندامانی وەزارەتی داد و بە هاوکاریی سەربازەکانمان دەستگیر کران."
وەزیری جەنگـی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنەکەی بە "مێژوویی" وەسفکرد کە "بە شێوەیەکی بێخەوش" کراوە و گوتی: "هیچ وڵاتێک لەسەر رووی زەوی ناتوانێت ئۆپەراسیۆنێکی وەک ئەوەی ئێمە لە ڤەنزوێلا کردمان، بکات."
وەزیرەکە هۆکاری هێرشەکەی روون کردەوە و گوتی: "ئێمە جیدیین لە راگرتنی لێشاوی هۆشبەر و باندەکان بەرەو وڵاتەکەمان، هەروەها گەڕاندنەوەی ئەو نەوتەی لێمان دزراوە."
روبیۆ: یاریی بە ترەمپ ناکرێت
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "مادورۆ هەلی زۆری بۆ رەخسا بەڵام هیچیانی نەقۆستەوە. ئەو سەرۆکی رەوا نییە و لە دادگەی ئەمریکا داوای لەسەرە."
روبیۆ لە پەیامەکەیدا گوتی: "ئەوەی بەسەر مادورۆ هات پەیامە بۆ ئەوەی کەس یاری بە سەرۆک ترەمپ نەکات؛ ئەو سەرۆکی کردارە نەک گوفتار."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ