راپۆرتێک: گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە لێواری شکستی یەکجاری دان

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا دەڵێن، پڕۆسەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران گەیشتووەتە بنبەست، "ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن داواکارییەکانی تارانی بۆ گۆڕینی شوێن و شێوازی کۆبوونەوەکە رەتکردەوە."
 
بەپێی زانیارییەکانی دوو بەرپرسی ئەمریکی کە قسەیان بۆ ئاژانسی ئەکسیۆس کردووە، "هەردوو وڵات پێشتر رێککەوتبوون رۆژی هەینی لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا کۆببنەوە، بە مەرجێک چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک چاودێر بەشدار بن؛ بەڵام رۆژی سێشەممە، ئێرانییەکان داوایەکی نوێیان پێشکێش کرد بۆ گۆڕینی شوێنی کۆبوونەوەکە بۆ عومان."
 
هەر بەگوتەی ئەو بەرپرسانە، ئێران داوای کردووە گفتوگۆ تەنیا لە نێوان تاران و واشنتن بن (بەبێ چاودێری وڵاتانی ناوچەکە)، "ئەوەش بە مەبەستی ئەوەی تەنیا باسی دۆسیەی ئەتۆمی بکرێت و بابەتەکانی وەک مووشەکی بالیستی و گرووپە بە وەکالەتەکان پشتگوێ بخرێن، کە ئەمانە خاڵی لەپێشینەی سەرەکیی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکەن."
 
"یان ئەمە یان هیچ شتێک"
 
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە: "ئێمە بە ئێرانییەکانمان گوت یان لەسەر شێوازە رەسەنەکە (ئیستەنبووڵ و چاودێرەکان) کۆدەبینەوە یان هیچ گفتوگۆیەک ناکەین، ئەوانیش لە وەڵامدا گوتیان: کەواتە هیچ."
 
ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە، ئەگەر ئێران بگەڕێتەوە بۆ شێوازی یەکەم، ئەوا ئەمریکا ئامادەیە ئەم هەفتەیە یان هەفتەی داهاتوو کۆببێتەوە. هەروەها ئاماژەی بە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ کرد و گوتی: "ئێمە دەمانەوێت بە زووترین کات بگەینە رێککەوتنێکی راستەقینە، ئەگەرنا خەڵک بیر لە بژارەکانی دیکە دەکەنەوە،" ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری بژارەی سەربازی.
 
لە کاتێکدا دانوستاندنەکان بەرەو شکست دەچن، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی و جارید کوشنەر، زاوا و راوێژکاری ترەمپ، بچنە قەتەر بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دەربارەی دۆسیەی ئێران.
 
بەرپرسە ئەمریکییەکان ئاشکرایان کردووە، کوشنەر و ویتکۆف دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانیان لە قەتەر، "راستەوخۆ دەگەڕێنەوە بۆ مەیامی و هیچ پلانێکیان نییە بۆ بینینی بەرپرسانی ئێرانی، مەگەر تاران لە دوایین ساتدا لە مەرجەکانی پاشەکشە بکات."
 
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، نرخی نەوت گۆڕانکاری بەسەردا هات. نەوتی برێنت 3٪ زیادی کرد و بۆ هەر بەرمیلێک نرخەکەی گەیشتە 69.35 دۆلار. نرخی نەوتی تەکساسیش 3٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 65.12 دۆلار بۆ یەک بەرمیل.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە