رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووند دەداتە تاران و رایدەگەیێنێت، رێگە نادەن هیچ کام لەو بنکە ئەتۆمییانە بنیات بنێنەوە کە پێشتر لەلایەن واشنتنەوە خاپوور کراون. دەشڵێت: "پێویستە خامنەیی زۆر نیگەران بێت."
لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان واشنتن و تاران دەستیان پێکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی تووندی ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد. ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی پێویستە نیگەران بێت؟ گوتی: "بەڵێ، پێویستە زۆر نیگەران بێت. ئەوان ئێستا لە دانوستاندندان لەگەڵمان."
ئەم لێدوانە تووندەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ قسەکانی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە رایگەیاندووە، واشنتن ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئێران، بەو مەرجەی گفتوگۆکان پرسی ئەتۆمی، مووشەکی و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە بگرێتەوە.
بڕیاریشە رۆژی هەینی، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە عومان کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان.
سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی ئاشکرا کرد، کە لە "جەنگی 12 رۆژەی حوزەیرانی 2025"دا کرابوون. ترەمپ گوتی: "بە فڕۆکەی B-2 ئامانجەکانمان پێکا. پێش ئەو کاتە، تەنیا یەک مانگیان مابوو ببنە خاوەن چەکی ئەتۆم، ئەوە هەڕەشەیەکی گەورە بوو."
ترەمپ دەڵێت، ئەگەر ئەو هێرشانە نەبووایە، ئێستا ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەدەبوو، چونکە وڵاتانی عەرەبی "ترسێکی زۆریان" لە ئێران هەبوو. سەبارەت بە ئەگەری چاککردنەوەی بنکەکان، ترەمپ بە روونی گوتی: "بیستوومە دەیانەوێت، بەڵام رێگەیان پێنادەین. فڕۆکەکانمان دەنێرینەوە بۆ ئەوەی کاری خۆیان بکەن."
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە تاران ویستوویەتی بنکەیەکی نوێ لە شوێنێکی دیکە دروست بکات، بەڵام واشنتن پەیامی پێداون کە "ئەگەر ئەوە بکەن، کاری زۆر خراپتان بەسەر دەهێنین."
ئەم گرژییانە لەکاتێکدان کە بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران پێش جەنگی حوزەیرانی 2025، بڕی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 60٪ هەبووە، کە بە گووتەی رافائیل گڕۆسی، سەرۆکی ئاژانسەکە بەشی دروستکردنی 10 چەکی ئەتۆمی دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ