لێکۆڵینەوەیەکی نوێ: ساڵانە 24,100 ئەمریکی بەهۆی دووکەڵی سووتانی دارستانەکان دەمرن

20 خولەک له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی نوێ کە رۆژی چوارشەممە لە گۆڤاری (Science Advances) بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای دەکات، دووکەڵی ژەهراویی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان لە ئەمریکا، ساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 24,100 کەس. ئەم ژمارەیە دوو هێندەی ئەو خەمڵاندنانەیە کە پێشتر لەمبارەیەوە بڵاوکرابوونەوە.
 
بەپێی لێکۆڵینەوەکە کە لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2020 کراوە، بەرکەوتنی بەردەوام و درێژخایەنی دووکەڵی دارستانەکان کاریگەریی وێرانکەری لەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە. 
 
یەگوانگ وەی، مامۆستا لە کۆلێژی ئایکانی پزیشکی لە نیویۆرک و یەکێک لە ئامادەکارانی لێکۆڵینەوەکە گوتی: "وا دیارە مێشکمان لاوازترین بەشە بەرامبەر ئەم دووکەڵە."
 
لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە، نەخۆشییە دەمارییەکانی وەک زەهایمەر و پارکینسن، بەهێزترین پەیوەندییان بە بەرکەوتنی دووکەڵی دارستانەکانەوە هەیە، پاشان نەخۆشییەکانی کۆئەندامی سووڕانی خوێن، نەخۆشییە هۆرمۆنییەکان و شێرپەنجە دێن.
 
مین ژانگ، سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هیچ "سنوورێکی سەلامەت" بۆ بەرکەوتنی درێژخایەنی دووکەڵی ئاگرکەوتنەوەکان نییە. ئەمەش کێشەیەکی گەورەی تەندروستیی گشتییە، چونکە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ئاگرکەوتنەوەکان گەورەتر بوون، ماوەیەکی زۆرتر دەخایەنن و زۆرتر روودەدەن.
 
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە کاتێکدا بڵاودەبێتەوە، حکومەتەکەی دۆناڵد ترەمپ پشتی کردووەتە هەوڵە جیهانییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و پشتیوانی لە پیشەسازیی سووتەمەنییە بەردینەکان دەکات. 
 
ئامادەکارانی لێکۆڵینەوەکە جەخت دەکەنەوە، پێویستە حکومەتەکان پەرە بە وزەی پاک بدەن و سیستمێکی پێشوەختەی ئاگادارکردنەوە دابنێن بۆ پاراستنی خەڵک لە گەردیلە ژەهراوییەکان.
 
لێکۆڵینەوەکە کە داتای 3,068 ناوچەی ئەمریکای شیکردووەتەوە، دەڵێت دانیشتووانی ناوچە گوندنشینەکان و گەنجەکان زیاتر لەژێر هەڕەشەی مردنن. گەنجەکان چونکە کاتی زۆرتر لە دەرەوە بەسەر دەبەن و گوندنشینەکانیش چونکە لە سەرچاوەی ئاگرەکانەوە نزیکترن. هەروەها دابەزینی پلەی گەرما لە زستاندا دەبێتە هۆی ئەوەی دووکەڵەکە لە ئاستی زەویدا بمێنێتەوە و بڵاو نەبێتەوە، ئەمەش مەترسییەکان زیاد دەکات.
 
ئەم راپۆرتە زانستییە هۆشداری دەدات، ئەگەر رێکاری بەپەلە بۆ کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ناوچە دارستانەکان نەگیرێتەبەر، ژمارەی قوربانییانی دووکەڵی ژەهراوی لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر دەبێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە