رووداو دیجیتاڵ
سێناتۆرێکی ئەمریکا رایگەیاند، گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەم دواییەی سووریا تێکەڵەیەک لە "هیوا و نادیاری"یان دروستکردووە. جەختیش دەکاتەوە کە بۆ رێگری لە پێکدادانی پێکهاتەکان، دەبێت هەمووان لە داڕشتنی ئایندەی وڵاتەکەدا بەشدار بن.
جین شاهین، سێناتۆری دیموکراتەکان و ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، لە لووتکەی نێودەوڵەتی بۆ ئازادیی ئایینی گوتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر بارودۆخی ئێستای سووریا.
جین شاهین هۆشداری دا لەوەی سووریا هێشتا بەدەست لێکەوتەکانی داڕمانی دامەزراوەکانەوە دەناڵێنێت و گوتی: "کاتێک دامەزراوەکان دەڕووخێن، پێکهاتەکان یان گۆشەگیر دەبن یان رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا چارەسەر بۆ رێگریکردن لەمە، "بەشداریپێکردنی هەمووانە" لە پرۆسەی سیاسی و بونیادنانەوەدا.
ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە داوای کرد کار بۆ چەسپاندنی یاسا، دۆکیومێنتکردنی پێشێلکارییەکان و دروستکردنی هەستی سەلامەتی بۆ هاووڵاتییان بکرێت، تاوەکو هەمووان متمانەیان بە ئاییندە هەبێت.
جین شاهین باسی لە گەشتەکەی هاوینی رابردووی بۆ سووریا کرد و رایگەیاند، لە نزیکەوە وێرانکارییەکانی جەنگی ناوخۆیی و ئەو ئاستەنگە گەورانەی بینیوە کە لەبەردەم بونیادنانەوەی سووریایەکی گشتگیردا (کە هەمووان بگرێتەوە) هەن.
سەبارەت بە سیاسەتی واشنتن بەرامبەر دیمەشق، شاهین ئاشکرای کرد، ئەمریکا دەستی کردووە بە کەمکردنەوەی هەندێک لە سزاکان؛ ئەمەش بە ئامانجی لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم بوژانەوەی مرۆیی و ئابووری. بەڵام جەختی کردەوە کە دەبێت هاوکارییەکان بە وردی ئاراستە بکرێن بۆ ئەوەی گەرەنتی پاراستنی پێکهاتەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی بکەن.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، سێناتۆرە دیموکراتەکە دووپاتی کردەوە کە ئامانجی کۆتایی ئەوان بونیادنانی وڵاتێکە "هەمووان تێیدا بە شکۆ و سەلامەتی بژین" و ئازادییە ئاینییەکان بۆ هەموو لایەک پارێزراو بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ