رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەڵمانیا هەندێک زانیاریی زۆر باڵکێشی لەسەر ژمارەی ئەوانەی لەو وڵاتە مافی مانەوەیان هەیە، واتە ئیقامەی پەنابەری یان پاراستنیان هەیە، بڵاوکردەوە.
بەپێی ئەو داتایانە سێ ملیۆن و 300 هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەڵمانیا ئەو کەسانەن کە ئیقامەیان هەیە. واتە لە هەر 25 کەسی دانیشتووی ئەو وڵاتە، یەکێکیان ئیقامەی هەیە. ئەو زیاتر لە سێ ملیۆن کەسە، یەک ملیۆنیان خەڵکی ئۆکراینان، ئەوانی دیکە 713 هەزاریان هاووڵاتیی سووریا و رۆژئاوای کوردستانن، 190 هەزاریان هاووڵاتیی عێراق و باشووری کوردستانن و 150 هەزاریشیان هاووڵاتیی تورکیا و باکووری کوردستانن.
ئەمانە جیان لەوانەی وڵاتینامەی ئەڵمانیایان هەیە و پاشبنەما (باکگراوندێکی) کۆچبەرییان هەیە.
لە داتاکاندا دەردەکەوێت، ئەو خاوەن ئیقامانە زۆرتر گەنجن و بازاڕی کاری ئەڵمانیاش پێویستی بە دەستی کاری گەنجە. ئاستی مامناوەندیی تەمەنی ئەڵمانەکان 45 ساڵە، بەڵام ئاستی مامناوەندی بۆ نموونە خاوەن ئیقامە سووری، عێراقی و کوردەکانی باشوور و رۆژئاوای کوردستان لەو زۆرتر لە سێ ملیۆن کۆچبەرە، 28 ساڵە. یەک لەسەر سێشیان تەمەنیان لەژێر 18 ساڵدایە.
جگە لەوەش، ئێستا 427 هەزار کەس داواکاریی ئیقامەکەیان وەڵامی نەدراوەتەوە و چاوەڕوانی وەڵامن؛ هەروەها 171 هەزار کەسیش دەرکراون و هێشتا لە ئەڵمانیا ماونەتەوە.
بەو ژمارانە، ئەڵمانیا بووەتە خاوەنی گەورەترین جڤاکی کۆچبەران لە سەرتاسەری ئەورووپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ