کۆریای باشوور: پێش گەیشتنی وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ سەر سنوور، کۆریای باکوور تۆپی هاویشت

04-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای کۆریای باشوور رایگەیاند، کاژێرێک پێش ئەوەی پیت هیگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا سەردانی سنووری نێوان هەردوو کۆریاکە بکات، کۆریای باکوور چەندین گوللە تۆپی هاویشتووە. دەستەی سوپاسالاری هاوبەشی کۆریای باشوور هەروەها رایگەیاند، پیۆنگیانگ چەند خولەکێک پێش کۆبوونەوەی سەرۆکی کۆریای باشوور و سەرۆکی چینیش، چەکی هاوشێوەی هاویشتووە.
 
دەستەی سوپاسالاری هاوبەش دەڵێت، بەم دواییانە "تێبینی هاویشتنی نزیکەی 10 گوللـە تۆپیان کردووە بەرەو بەشی باکووری دەریای رۆژئاوا". 
 
سیئۆل دەریای رۆژئاوا بە دەریای زەرد ناو دەبات.
 
چەکەکان نزیکەی کاژێر 3:00ی پاشنیوەڕۆ (09:00 بە کاتی هەولێر)ی رۆژی شەممە و نزیکەی کاژێر 4:00ی پاشنیوەڕۆ (10:00 بە کاتی هەولێر) رۆژی دووشەممە هاوێژران.
 
دەستەی سوپاسالاری هاوبەش گوتیشی: "وردەکاریی هاوێشتنی گولـلە تۆپەکان لەم کاتەدا لەلایەن دەزگاکانی هەواڵگریی کۆریای باشوور و ئەمریکاوە بە وردی شیدەکرێنەوە."
 
هیگسەس رۆژی دووشەممە سەردانی سنووری قەڵغانکراوی نێوان کۆریای باکوور و باشووری کرد، بەمەش بووە یەکەم وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە ماوەی 8 ساڵدا کە ئەو کارە بکات.
 
ئەو سەردانی گوندی پانمونجۆمی کرد، کە شوێنی ئاگربەستی سیمبولییە و سەربازانی هەردوو کۆریا تێیدا رووبەڕوو لە بەرامبەر یەک وەستاون، هەروەها سەردانی خاڵی چاودێریی ئۆلێتی کرد کە رووی لە ناوچەی لە چەکداماڵراوە.
 
وەزارەتی بەرگریی سیئۆل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هیگسەس و ئان گیو باک، هاوتا کۆرییەکەی، "جەختیان لەسەر هەڵوێستی بەرگریی هاوبەشی بەهێز و پێکەوەکارکردنی نزیکی نێوان کۆریای باشوور و ئەمریکا کردووەتەوە."
 
سەردانەکەی هیگسەس دوای ئەوە دێت، هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ نزیکبوونەوە لە کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور لە گەشتەکەیدا بۆ ئاسیا، هیچ وەڵامێکی ئاشکرای لەلایەن پیۆنگیانگەوە نەبوو. 
 
سەرەڕای ئەوەش، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، هێشتا ئامادەیە لە داهاتوودا لەگەڵ کیم کۆبێتەوە.
 
رۆژی شەممە، لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوور لە پەراوێزی لووتکەیەکی ئابووریی ئاسیادا لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کۆبووەوە و داوای لە سەرکردە چینییەکە کرد یارمەتیی سیئۆل بدات بۆ "دەستپێکردنەوەی دیالۆگ" لەگەڵ کۆریای باکوور.
 
لی جەختی لەسەر پێویستیی "سەقامگیریی" هەرێمی کردەوە و ئاماژەی بە "سەردانە ئاست بەرزەکانی ئەم دواییەی نێوان چین و کۆریای باکوور" کرد، ئاماژەیەک بۆ بەشداریکردنی کیم لە نمایشێکی سەربازیی گەورەدا لە پەکین لە مانگی ئەیلوولدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا