پیرۆ بەهۆی پێدانی مافی پەنابەری بە سەرۆکوەزیرانی پێشووی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ مەکسیک پچڕاند

04-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی پیرۆ رۆژی دووشەممە رایگەیاند، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ مەکسیک پچڕاندووە، بەهۆی پێدانی مافی پەنابەری بە سەرۆکوەزیرانێکی پێشووی وڵاتەکەی، کە لە لێکۆڵینەوە هەڵاتووە.
 
سەرۆکوەزیرانەکەی پێشووی پیرۆ تۆمەتبارە بە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2022ی دژی پێدرۆ کاستیۆ، سەرۆکی ئەوکاتی وڵات.
 
هیوگۆ دی زێلا، وەزیری دەرەوەی پیرۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ بە سەرسوڕمان و نیگەرانییەکی قووڵەوە پێمان زانی کە بێتسی چاڤێز، سەرۆکوەزیرانی پێشوو و تۆمەتباری هەوڵی کودەتاکەی پێدرۆ کاستیۆ، سەرۆکی پێشوو، لە باڵیۆزخانەی مەکسیک لە پیرۆ مافی پەنابەریی پێدراوە."
 
وەزیری دەرەوەی پیرۆ گوتیشی، "بەرامبەر بەم کردەوە نادۆستانەیە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رووداوە دووبارانەی کە سەرۆکانی ئێستا و پێشووی ئەو وڵاتە دەستوەردانیان لە کاروباری نێوخۆی پیرۆدا کردووە، حکومەتی پیرۆ ئەمڕۆ بڕیاری پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ مەکسیک داوە."
 
هەنگاوەکە رەخنەی تووندی مەکسیکی لێکەوتەوە؛ وەزارەتی دەرەوەی مەکسیک رۆژی دووشەممە لە راگەیێندراوێکدا بڕیارەکەی پیرۆی بە "زیادەڕۆیی و ناهاوسەنگ" ناوبرد.
 
مەکسیک پێیوایە پەنادانی سەرۆکوەزیرانی پێشووی پیرۆ لە باڵیۆزخانەکەی، "کردەوەیەکی رەوایە و لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیدا دەگونجێت."
 
کاستیۆ، کە مامۆستایەکی پێشووی گوندنشین و چالاکڤانێکی سەندیکاکان بوو و بە "یەکەم سەرۆکی هەژاری پیرۆ" ناودەبرا، لە کانوونی یەکەمی 2022 لەلایەن کۆنگرێسەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، دوای ئەوەی هەوڵیدا دوای چەندین مانگ لە ململانێ، کۆنگرێس هەڵبوەشێنێتەوە.
 
پەیوەندییەکانی نێوان لیما و مەکسیک بەهۆی لابردنی کاستیۆوە بە خراپی تێکچوون. پیرۆ باڵیۆزی مەکسیکی دەرکرد دوای ئەوەی مەکسیک مافی پەنابەریی بە هاوژین و منداڵەکانی کاستیۆ بەخشی.
 
دینا بۆلوارتێ، سەرۆکوەزیرانی ئێستا و سەرۆکی پێشووی وڵات، بەشێوەیەکی کاتی باڵیۆزی پیرۆی لە مەکسیکۆ سیتی بانگهێشتکردەوە و ئەندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر، سەرۆکی چەپڕۆی ئەوکاتی مەکسیکی تۆمەتبار کرد بە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتەکەیدا، چونکە پشتیوانیی لە کاستیۆ کردبوو.
 
کاستیۆ لە رێگەیدا بوو بۆ باڵیۆزخانەی مەکسیک لە لیما بۆ داواکردنی مافی پەنابەری لەگەڵ خێزانەکەیدا، کاتێک دەستگیرکرا و بە تۆمەتی یاخیبوون و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات تۆمەتبار کرا. چاڤێزیش لەگەڵیدا تۆمەتبار کرا و دادگاییکردنی هەردووکیان لە مانگی ئاداردا دەستیپێکرد.
 
لەکاتێکدا کاستیۆ لەدوای لادان لە پۆستەکەیەوە بەشێوەی کاتی دەستبەسەرە، چاڤێز بە کەفالەت ئازاد کرابوو.
 
داواکارانی گشتی داوای 25 ساڵ زیندانییان بۆ چاڤێز کردووە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە پلانی کاستیۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرێس. هەروەها داوای 34 ساڵ زیندانیشیان بۆ کاستیۆ کردووە.
 
کاستیۆ تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، هەرگیز چەکی دژی دەوڵەت هەڵنەگرتووە، چونکە سوپا رەتیکردووەتەوە فەرمانەکانی جێبەجێ بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا