رووداو دیجیتاڵ
هەندێک لەو کەسانەی لە کاروانی (کەشتیگەلی خۆڕاگری)ـیەوە گەڕاونەتەوە، باس لە مامەڵەی خراپی سوپای ئیسرائیل دەکەن. ئیسرائیلیش ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
رۆژی شەممە 04-10-2025 فڕۆکەیەک کە 137 کەسی کاروانەکەی هەڵگرتبوو، لە ئیسرائیلەوە گەیشتە تورکیا. میدیای فەرمیی تورکیا گوتی، فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی رامۆن لە باشووری ئیسرائیلەوە فڕیوە و لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ نیشتووەتەوە.
لەنێو گەڕاوەکاندا 36 هاووڵاتیی تورکیا، 23 هاووڵاتیی مالیزیا و هاووڵاتیی ئەمریکا، ئیمارات، جەزائیر، مەغریب، ئیتاڵیا، کوێت، لیبیا، مۆریتانیا، سویسرا، توونس و ئوردن هەبوون.
لۆرێنزۆ داگۆستینۆ، رۆژنامەنووسی ئیتاڵی رایگەیاند، لەو دوو شەوەی لە دەستبەسەرییدا بوون، چەندین جار خەبەریان کردوونەتەوە؛ گوتیشی، بە سەگ و لەیزەری چەکەکانیان هەراسان کراون.
داگۆستینۆ دوای گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ گوتی: "لە شەوی دووەمدا سەربازەکان هاتن و تفەنگی ئۆتۆماتیکیان لێ ئاراستە کردین، سەگیان هێنا. سەگەکانیان لێمان نزیک کردەوە. بە گشتی هەستم دەکرد لەلایەن رێکخراوێکی تیرۆریستییەوە دەستبەسەرم، بەڵام ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە دەوڵەتە و هاوپەیمانی وڵاتەکەی خۆمە کە ئیتاڵیایە."
لە وەڵامدا وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لێدوانەکانی بە "درۆی رووقاییمانە" ناوبرد.
چوارشەممەی رابردوو، نزیکەی 45 بەلەمی کەشتیگەلی خۆڕاگریی غەززە لە غەززە نزیکبوونەوە. بەلەمەکان نزیکەی 470 کەسیان هەڵگرتبوو و مەبەستیان شکاندنی گەمارۆی دەریایی غەززە بوو.
سوپای ئیسرائیل دەستی بەسەر بەلەمەکاندا گرت و سەرنشینەکانی دەستبەسەرکرد. زۆربەی ئەو کەسانە دیپۆرت کرانەوە، بەڵام هێشتا بەشێکیان لە زیندانن.
هەنگاوەکەی سوپای ئیسرائیل ناڕەزایی چەندین حکومەتی بەدوای خۆیدا هێنا و لە چەندین گەورەشاری جیهانیش خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ