رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رەنگە ژمارەیەکی زیاتری بارمتەکانی ئیسرائیل لە غەززە گیانیان لەدەستدابێت و گوتیشی، ئەمریکا هاوکات لەگەڵ هێرشێکی نوێی ئیسرائیل، لە "گفتوگۆیەکی قووڵ"دایە لەگەڵ حەماس.
ترەمپ کە هاوپەیمانێکی سەرسەختی ئیسرائیلـە، لە نووسینگەی سەرۆک بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەوەی دەیبیستم ئەوەیە کە رەنگە هەندێکیان بەم دواییانە گیانیان لەدەستدابێت. هیوادارم ئەمە راست نەبێت، بەڵام لەم دانوستاندنەدا باس لە زیاتر لە 30 تەرم دەکرێت."
لە هێرشە بەرفراوانەکەی رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، 251 کەس بە بارمتە گیران، کە هێشتا 47ـیان لە غەززەن.
بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، 25ـیان گیانیان لەدەستداوە و ئیسرائیلیش داوای گەڕاندنەوەی تەرمەکانیان دەکات.
ترەمپ باسی لەوە کرد کە "نزیکەی 38 کەسی مردوو هەن، خەڵکی گەنج و جوانی مردوو،" بەڵام دواتر قسەکەی گۆڕی و گوتی دەکرێت 20 یان 30 بن.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا لەگەڵ حەماس لە گفتوگۆدایە.
ترەمپ گوتی: "ئێمە لە گفتوگۆیەکی زۆر قووڵداین لەگەڵ حەماس."
سەبارەت بەو بارمتانەی لای حەماسن، ترەمپ گوتی: "پێمان گوتن هەموویان ئازاد بکەن، هەر ئێستا هەموویان ئازاد بکەن، ئەوا شتی زۆر باشتر روودەدات بۆیان. بەڵام ئەگەر هەموویان ئازاد نەکەن، دۆخەکە سەخت دەبێت، دۆخێکی ناخۆش دەبێت."
ئیسرائیل پلانی هەیە شاری غەززە کۆنترۆڵ بکات، کە گەورەترین شاری کەرتەکەیە و بەهۆی جەنگەوە بووەتە وێرانە. هەروەها هۆشداریی داوە کە هەموو ئەو باڵەخانە بەرزانە دەکاتە ئامانج کە پێی وایە لەلایەن حەماسەوە بەکاردەهێندرێن.
بەپێی ئامارێکی ئاژانسی فرانس پرێس کە پشتی بە داتاکانی ئیسرائیل بەستووە، هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەم بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزار و 219 کەس، کە زۆرینەیان سڤیل بوون.
لە بەرامبەردا، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 64 هەزار و 300 فەلەستینی، کە زۆربەیان سڤیلن، ئەمەش بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە باوەڕپێکراوی دەزانێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ