دادگەی ئوسترالیا لەبارەی راگرتنی کوردێک بۆ ماوەی 8 ساڵ لە هۆتێلێک: مرۆڤدۆستانە نەبوو

07-07-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کوردێک لە ئوسترالیا کە وەکو پەناخواز رووی لەو وڵاتە کردووە، لە هۆتێلێکی تایبەت بە پەنابەران زیندانیدەکرێت؛ دادگەی فیدڕاڵی وڵاتەکەش رایدەگەیێنێت کە زیندانیکردنی پەناخوازە کوردەکە "یاساییە، بەڵام مرۆڤدۆستی نییە." 
 
موستەفا عەزیمیتەبەر، کوردێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ساڵی 2013 لەرێگەی بەلەمێکەوە خۆی دەگەیێنێتە ئوسترالیا و وەکو پەناخواز خۆی رادەستی پۆلیسی وڵاتەکە دەکات. 
 
موستەفا کە میوزیسیانە، لە ساڵی 2013ەوە لە هۆتێلێکی تایبەت بە پەنابەران راگیراوە و ماوەی 14 مانگیش رێگەی پێنەدراوە لە هۆتێلەکە بچێتە دەرەوە، تاوەکو لە ساڵی 2021 ئازادکراوە. 
 
دوای ئەوەی لە زیندان ئازاد دەکرێت، موستەفا لە دادگەی باڵای ئوسترالیا سكاڵای تۆمارکرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە زیندانیکردنی لە هۆتێلی تایبەت بە پەنابەران نایاسایی بووە. 
 
بیرنارد مێرفی، داواکاری گشتی دادگەی فیدراڵیی ئوسترالیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "ئەمڕۆ دادگە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە وەزیری کۆچبەران مافی ئەوەی هەبووە هۆتێلەکان وەکو شوێنی راگرتنی پەنابەران بەکاربهێنێت." 
 

"دوور لە هەوای پاک و خۆرەتاو"
 
مێرفی گوتیشی: "سەرسامم بەوەی کەسێک کە کێشەی دەروونی هەیە، بەبێ چاودێری لە هۆتێلەکان بۆ ماوەی 14 مانگ راگیراوە." 
 
موستەفا لە ژوورێکی هۆتێلەکە زیندانیکراوە کە پەنجەرەیەکی هەبووە و تەنیا مافی ئەوەی هەبوو 10 سانتیمەتر پەنجەرەکە بکاتەوە و رێگەی پێنەدراوە بچێتە دەرەوە بۆ ئەوەی هەوای پاک هەڵمژێ یاخود بچێتە دەرەوە بۆ ئەوەی تیشکی خۆری بەرکەوێ. 
 
موستەفا بە میدیای ئوسترالیای راگەیاند: "ئاسایی نییە کەسێک کە کێشەی هەناسەدانی هەبێت، لە ژوورێکی داخراودا بمێنێتەوە، بەڵام بۆ وەزیرێک دەتوانێت باڵەخانەک بکاتەوە و خەڵکی نەخۆش لەنێویدا زیندانیبکات." 
 
میکایل برادلی، پارێزەری موستەفا رایگەیاند ئەوان تانە لە بڕیارەکەی دادگە دەدەن و گوتی: "ئێمە دڵمان خۆشە بەو بڕیارەی دادگە و داننان بەوەی کە سیستەمەکە نامرۆڤانەیە." 
 
سام کلینوۆرس، بەڕێوەبەری نیشتمانیی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی بە میدیای ئوسترالیای راگەیاند کە موستەفا و هەموو ئەوانەی لە هۆتێلەکاندا راگیراون "زیانێکی جەستەیی و دەروونی نەگوتراویان لە سیستەمی کۆچبەری ئۆسترالیا بەرکەوتووە." 
 
ئەندرۆ گیلس، وەزیری کۆچبەرانی ئوسترالیا دوای بڕیارەکەی دادگە رایگەیاند: "ئەوەی شایەنی تێبینییە، شێوازی راگرتنی کۆچبەرەکان نییە، بەڵکو شێوازی جێبەجێکردنی یاساکەیە." 
 
ئەندرۆ گوتیشی: "پێویستمان بە شێوازێکی تایبەت هەیە بۆ دەستبەسەرکردنی کۆچبەران و دەبێت کەسانی تایبەتمەند ئەو شێوازە دیاریبکەن." 
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە