وەزارەتی دەرەوەی رووسیا: پێدەچێت ئیسرائیل چەکی ئەتۆمی هەبێت

07-11-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، بەهۆی لێدوانێکی وەزیرێکی ئیسرائیل، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پێویستە لێکۆڵینەوە بکات، وا دەردەکەوێت ئیسرائیل چەکی ئەتۆمیی هەبێت. وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، دەبێت ئیسرائیل چەکی لێ دابماڵرێت.
 
رۆژی سێشەممە 07-11-2023 ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، "لێدوانێکی وەزیرێکی ئیسرائیل کە ئاماژە بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات، چەندین پرسیار و گومانی دروستکردووە."
 
زاخارۆڤا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، "وا دەردەکەوێت ئیسرائیل دانی بەوەدا نابێت کە چەکی ئەتۆمیی هەیە. ئەگەر وابێت، پێویستە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان بێنە سەر هێڵ."
 
ئیسرائیل تائێستا بە فەرمی راینەگەیاندووە کە چەکی ئەتۆمیی هەبێت، بەڵام بەگوێرەی فیدراسیۆنی زانایانی ئەمریکی، ئیسرائیل نزیکەی 90 چەکی ئەتۆمی هەیە.
 
رۆژی دووشەممە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، "داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکەم ئەم رژێمە دڕندەیە لە چەک دابماڵن."
 
رۆژی یەکشەممە 05-11-2023 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیاریدا ئەمیحای ئێلیاهوو، وەزیری کاروباری قودس/ئۆرشەلیم و کەلەپووری ئیسرائیلی لە کۆبوونەوە فەرمییەکان سڕ بکات؛ ئەوەش دوای ئەوەی ئەو وەزیرە رایگەیاندبوو کە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە غەززە یەکێکە لە ئەگەرەکان.
 
رۆژی یەکشەممە، ئێلیاهوو لە بەرنامەیەکی رادیۆیی کاتێک لێی دەپرسن، "ئایا ئیسرائیل بۆمبی ئەتۆمی بەکاردەهێنێت؟" لە وەڵامدا دەڵێت، "ئەمە یەکێکە لە ئەگەرەکان." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، "لە غەززە هەمووان چەکدارن."
 
نەتەنیاهوو لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) گوتی، "قسەکانی ئەمیحای دوورن لە راستییەوە."
 
یائیر لاپید، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن لە ئیسرائیل لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، دەبووایە نەتەنیاهوو، ئێلیاهووی دوورخستبایەوە، ئەو گوتی، "هەبوونی کەسانی تووندڕۆ لەنێو حکومەتەکەمان، ئامانجەکانی شەڕمان دەخاتە ژێر مەترسییەوە، کە بریتیین لە بەزاندنی حەماس و رزگارکردنی بارمتەکان."
 
دواتر، ئەمیحای ئێلیاهوو لە هەژماری خۆی لە ئێکس رایگەیاند، "مەبەستم لە دەربڕینی ئەو وشەیە ئەوەیە دەبێت تیرۆریستان بەتووندی وەڵام بدرێنەوە و دەوڵەتی ئیسرائیلیش هەموو شتێک دەکات بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان بە سەلامەتی."
 
یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەر لە ئێکس رایگەیاند، قسەکانی ئەو وەزیرە بێبنەمان و شتێکی باشە، کە خەڵکێکی ئاوا ئاسایشی ئیسرائیلیان لەژێر دەسەڵات نییە.
 
بێنی گانتز، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیلیش گوتی، "قسەکانی ئێلیاهوو ئیسرائیل لەنێودەبەن و ئازاری خێزانی بارمتەکان زیاتر دەکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە