نەتەنیاهوو، ترەمپ وەک بەربژێرێکی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێشنیاز دەکات

08-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەربژێر دەکات. 
 
رۆژی دووشەممە بە کاتی واشنتن، ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازیی لە نەتەنیاهوو کرد. 
 
هەردوو سەرکردەکە هێرشە هاوبەشەکانی ئەم دواییەیان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە "سەرکەوتوو" ناوبردن. 
 
ترەمپ و نەتەنیاهوو لەگەڵ گەورە راوێژکارانیان لە کۆشکی سپی بۆ خوانێکی ئێوارە کۆبوونەوە، بۆ قسەکردن لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە و گفتوگۆکردن لەبارەی هەوڵەکان بۆ برەودان بە پێشنیازی ئاگربەستێکی 60 رۆژە بۆ راگرتنی جەنگی غەززە.
 
نەتەنیاهوو لە کاتی پێشکێشکردنی نامەی بەربژێرکردنەکە بە ترەمپ، کە گوتی دەینێرێت بۆ لیژنەی دادوەرانی خەڵاتی نۆبڵ، رایگەیاند: "ئەو هەر ئێستا کە قسە دەکەین ئاشتی دەچەسپێنێت، وڵات لەدوای وڵات و ناوچە لەدوای ناوچە."
 
 
لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان پێش دەستپێکردنی خوانەکە، هەردوو سەرکردە گەشبینیی خۆیان دەربڕی کە "سەرکەوتنەکەیان" دەبێتە سەرەتای قۆناخێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
ترەمپ بە روونی رایگەیاندووە کە دوای شەڕی 12 رۆژەی مانگی رابردووی نێوان ئیسرائیل و ئێران، دەیەوێت ململانێی غەززە بەزوویی کۆتایی بێت.
 
کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و نەتەنیاهوو رەنگە گوشاری زیاتر بخاتە سەر پێشنیازی ئاگربەستەکەی ئەمریکا، کە لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، بەڵام روون نییە کە ئایا دەبێتە هۆی رێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت یان نا.
 
پێش ئەوەی رۆژی یەکشەممە بەرەو واشنتن بەڕێبکەوێت، نەتەنیاهوو ستایشی هاوکارییەکانی ئەمریکای کرد کە "سەرکەوتنێکی گەورەیان بەسەر دووژمنی هاوبەشماندا" بەدەستهێناوە. هەروەها ئاماژەیەکی ئەرێنیی لەبارەی ئاگربەستی غەززەوە دا و گوتی، کاردەکات "بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنەی کە گفتوگۆی لەسەرە، بەو مەرجانەی لەسەری رێککەوتووین."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێش خوانەکەی لەگەڵ ترەمپ، لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە. بڕیارە نەتەنیاهوو رۆژی سێشەممە لەگەڵ مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆببێتەوە.
 
نەتەنیاهوو گوتی: "پێموایە گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆک ترەمپ بە دڵنیاییەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پێشخستنی ئەو ئەنجامەی کە هەموومان هیوای بۆ دەخوازین."

 

نەتەنیاهوو یەکەم کەس نییە ترەمپی بۆ ئەو خەڵاتە بەربژێر کردبێت. ئەم ساڵ هەریەک لە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان؛ فیلیکس تشیسیکیدی، سەرۆکی کۆنگۆ؛ دارل ئیسا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران-ویلایەتی کالیفۆرنیا؛ برەین مۆرینۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پیران-ویلایەتی ئۆهایۆ و بادی کارتەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران-ویلایەتی جۆرجیا هەمان رێکاریان گرتووەتەبەر. لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیشدا ژمارەیەک سیاسی ئەمریکی و دەرەوەی وڵاتەکە ترەمپیان بۆ هەمان خەڵات بەربژێرکرد، بەڵام هەوڵەکە سەرکەوتوو نەبوو.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا