جیهان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەگاتە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە کاتی لووتکەی سەرۆک و حکومەتەکانی رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە لاهای، لە 25ی حوزەیرانی 2025. وێنە: Getty Images
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی دەرکردنی ئیسپانیای لە هاوپەیمانیی ناتۆ کرد، مەدرید وەڵامی دۆناڵد ترەمپی دایەوە و رایگەیاند، ئەوان پابەندن بە ناتۆوە.
رۆژی هەینی، 10ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی ئیسپانیا رایگەیاند: "ئیسپانیا ئەندامێکی پابەند و تەواوەتیی ناتۆیە و رۆڵێکی گرنگ لە ئاسایشی هاوپەیمانییەکەدا دەگێڕێت. هەروەها بە هەمان ئەندازەی ئەمریکا پابەندی ئامانجەکانی تایبەت بە توانستە سەربازییەکانی خۆی دەبێت."
کێشەکە دوای ئەوە سەریهەڵدا کە ترەمپ رۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی، لەبەردەم رۆژنامەڤاناندا ئیسپانیای وەکو "وڵاتێکی دواکەوتوو" ناوبرد و رایگەیاند: "هیچ بیانوویەکیان نییە بۆ ئەوەی خەرجییەکانیان زیاد نەکەن، بەڵام کێشە نییە. رەنگە پێویست بێت لە ناتۆ دەریان بکەین، راشکاوانە دەیڵێم."
ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە لە مانگی حوزەیراندا، هاوپەیمانیی ناتۆ کە لە 32 وڵات پێکدێت، لەژێر گوشاری بەردەوامی ترەمپدا، رەزامەندیی دەربڕی لەسەر زیادکردنێکی بەرچاوی خەرجییەکانی بەرگری بۆ گەیشتن بە رێژەی پێنج لەسەدی بەرهەمی نێوخۆیی ساڵانە لە ماوەی دەیەی داهاتوودا.
بەڵام ئیسپانیا، کە ساڵی رابردوو لە رووی رێژەی خەرجییەوە لە نزمترین ئاستی وڵاتانی ناتۆدا بوو، پێداگریی لەسەر ئەوە کردووە، کە پابەندبوون بە هاوپەیمانییەکە تەنیا بە رێژەی خەرجیی دیاریکراو ناپێورێت.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا روونیکردەوە بەشدارییەکانی وڵاتەکەی لە بوارەکانی وەکو ئاسایشی ئەلیکترۆنی، بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و بەشداریکردن لە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی ناتۆدا، دەبێت لەبەرچاو بگیرێن.
لێدوانەکانی ترەمپ دەرفەتێکی بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ئیسپانیا رەخساند تاوەکو هێرش بکەنە سەر حکومەتی سانچێز.
ئەلبێرتۆ نونێز فەیخۆ، سەرۆکی پارتی گەلی پارێزگارکار کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنە، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "ئیسپانیا ئەندامێکی باوەڕپێکراو، شانازیپێکراو و پابەندی ناتۆیە و هەرواش دەمێنینەوە. کێشەکە سانچێزە، نەک ئیسپانیا."
هاوکات، سانتیاگۆ ئەباسکال، سەرۆکی پارتی راستڕۆی تووندڕۆی ڤۆکس کە سێیەم گەورەترین هێزی سیاسیی پەرلەمانی ئیسپانیایە، سانچێزی بەوە تۆمەتبار کرد کە "زیاتر زیان بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دەگەیەنێت و مەترسییەکی جددی لەسەر ئاسایشمان دروست دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ