رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کاتیی سووریا و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە ئەمریکا و لەلایەن سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشوازییان لێکرا. وەزارەتی دەرەوەی سووریا دەڵێت: "کۆبوونەوەکە زیاتر لە کاژێرێکی خایاندووە."
رۆژی دووشەممە، 10ی تشرینی دووەمی 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا گەیشتە کۆشکی سپی، تیمی پرۆتۆکۆڵی کۆشکی سپی پێشوازییان لێی کرد. دواتر لە ئۆڤەڵ ئۆفیس لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکە هەریەک لە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا ئامادەبوون. لە لایەنی ئەمریکی جگە لە ترەمپ، جەی فی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئامادەبوو.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی سووریا، دیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ شەرع و شەیبانی "زیاتر لە کاژێرێک"ی خایاندووە و لە "کەشێکی دۆستانە و کراوە" کۆبوونەوەکەیان بەڕێوەچووە.
وەزارەتەکە دەڵێت، ئەو کۆبوونەوەیە بە سەرەتای "لاپەڕەیەکی نوێ" لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دادەنرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: سەرۆکی کاتیی سووریا ئامادەیی و پابەندبوونی خۆی بۆ "سەرکردایەتیکردنی بنیاتنانەوەی سووریا سووریا" دووپاتکردەوە. هاوکات ئەسعەد شەیبانیش جەختی لەسەر "سەرکەوتنەکانی قۆناخی پێشوو" کردووەتەوە لە گێڕانەوەی "سەقامگیری و دووبارە رێکخستنەوەی دەسەڵات بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان."
وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەش داوە کە وڵاتەکەی "پێویستی بە پاڵپشتی هەیە بۆ قۆناخی داهاتووی بنیاتنانەوە و گەشەپێدان."
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا "گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و ئەمریکا" بەرز نرخاندووە. ئەمە بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی سووریا
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سووریا دا هاتووە کە لەدوای دیداری لووتکە؛ ئەسعەد شەیبانی لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی، کۆبووەتەوە.
وەزارەتەکە دەڵێت، لە رووی ئابوورییەوە، ترەمپ جەختی لە "پێویستیی پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی گەشەپێدان و وەبەرهێنان لە سووریا" کردەوە. سەرۆکی کاتیی سووریاش ئاماژەی بەوەدا کە "ئاسانکردنی رێوشوێنە گومرگییەکان بەپێی ڕێککەوتنی پێشنیارکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان" یارمەتیدەر دەبێت بۆ "بەهێزکردنی متمانە و راکێشانی وەبەرهێنان."
هاوکات، "هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێک لە واشنتن بووە و بەجیا لەگەڵ شاندی سووریا کۆبووەتەوە" وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئەمەی راگەیاندووە.
سەردانەکەی شەرع بۆ کۆشکی بە "سەردانێکی مێژوویی" دادەنرێت، چونکە یەکەمین سەرۆکی سووریایە تاوەکو ئێستا سەردانی کۆشکی سپی کردبێت و لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکەوە پێشوازیی فەرمی لێکرابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ