جیهان
پۆلیسێکی هیندی لە بەردەم خانوویەک وەستاوە کە بە هۆی تۆپبارانی پاکستانەوە زیانی پێگەیشتووە. وێنە: Rakesh BAKSHI / AFP
رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند کاژێرێک لە راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان هیندستان و پاکستاندا، هەردوو وڵات یەکدیان بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار کرد، کە بەنێوەندگیریی ئەمریکا کراوە.
رۆژی شەممە، 10ی ئایاری 2025، لەدوای چەند کاژێرێک لە راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و رازیبوونی هەردوو وڵات بە راگرتنی شەڕ، عومەر عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئیدارەی هیندستان لە هەرێمی کشمیر لە ئێکس رایگەیاند، لە دوای ئاگربەستیش درۆنی پاکستانی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە و دەنگی تەقینەوەش لە چەند ناوچەیەکی ژێر ئیدارەی هیندستان بیستراوە.
ڤیکرام میسری، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی هیندستانیش رایگەیاند: "پاکستان بەردەوامە لە پێشێلکارییەکان و سوپای هیندستانیش بەشێوەیەکی گونجاو وەڵامی ئەو پێشێلکارییانەیان داوەتەوە."
بەڵام وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیێندراوێکدا هیندستانی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، "پاکستان پابەندە بە جێبەجێکردنی تەواوی مەرجەکانی ئاگربەست، بەڵام ئەوە هیندستانە لە هەندێک ناوچە پێشێلکاری کردووە و هێزەکانیشمان لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا، دانیان بەخۆیاندا گرتووە."
دوای نیوەڕۆی رۆژی شەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیال تروس، رایگەیاند، هەردوو وڵات بە ئاگربەست رازی بوون و ئێستا لەسەر وردەکاریی ئاگربەستەکە قسە دەکەن،
سەبارەت بە ئاگربەستەکە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند بڕیارە بەمزووانە بەرپرسانی پاکستان و هیندستان لە وڵاتی سێیەم گفتوگۆ بکەن، بەڵام هیچ کام لەو دوو وڵاتە تائێستا رازییبوونی خۆیان بە گفتوگۆیانە رانەگەیاندووە.
دوای راگەیاندنی ئاگربەستیش، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ستایشی رۆڵی ئەمریکای کرد لە هێنانەئارای ئەو ئاگربەستە و گوتی: "پاکستان هەمیشە لەگەڵ ئەوە بووە پرسی کشمیر بە نێوەندگیریی نێودەوڵەتی چارەسەر بکرێت." بەڵام هیندستان دژی نێوەندگیریی نێودەوڵەتییە.
زیادبوونی گرژییەکانی نیودەلهی و ئیسلاماباد دوای ئەوە هات، کە رۆژی 22ـی نیسان لەو بەشەی کشمیر، کە لەژێر دەسەڵاتی هیندستانە، گرووپێکی چەکدار هێرشیکردە سەر ژمارەیەک هاووڵاتی و 26 کەسیان کوشت. هیندستان، پاکستانی بە هاوکاریکردنی ئەو گرووپە تۆمەتبارکرد و ئەویش رەتیکردەوە.
پێش راگەیاندنی ئاگربەستەکە لەلایەن ترەمپەوە، پاکستان، هیندستانی بە بۆردوومانکردنی سێ بنکەی مووشەکی وڵاتەکە تۆمەتبارکرد کە یەکێکیان تەنیا 10 کیلۆمەتر لە ئیسلامابادەوە دوورە. بەرپرسانی پاکستان دەڵێن، بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە 11 کەس کوژران.
جەنگەکەی هیندستان و پاکستان 18 رۆژی خایاند و بەگوێرەی راگەیێندراوەکانی هەردوولا، لەو ماوەیەدا نزیکەی 60 کەسی سڤیل لە هەردوولا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ