رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، داوا لە لەلایەنەکان دەکەن دانبەخۆیاندا بگرن و گرژییەکان زیاتر نەکەن. دەشڵێت، کار بۆ چارەسەرێکی دیپلۆماسی دۆخەکە دەکەن.
رۆژی هەینی، 13ی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە ئێکس سەبارەت بە ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "سەرکۆنەی هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر خاکی ئیسرائیل دەکەین". دەشڵێت، "ئیسرائیل مافی بەرگرییکردن لەخۆی هەیە".
ئەمڕۆ ئیسرائیل بە 200 فڕۆکەی جەنگی و ژمارەیەک درۆن هێرشی کردە سەر ژمارەیەک پێگەی ئێران. تاوەکو ئێستا کوژرانی سێ فەرماندەی سەربازی و شەش زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە پشتڕاست کراوەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا گوتیشی، "پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران پێچەوانەی رێککەوتننامەی رێگرییە لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و هەڕەشەشە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە، بەتایبەت ئیسرائیل". ئاماژەی بەوەش کرد، "داوا لە لایەنەکان دەکەین خۆیان لە زیادکردنی گرژییەکان بەدووربگرن".
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیادا هاتووە، "وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ئەورووپا و ئەمریکا پابەندین بە چارەسەری دیپلۆماسی".
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی دیکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، پێویستە هاووڵاتییانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رێنماییە ئەمنییەکان جێبەجێ بکەن و ناوی خۆیان لە لیستی ئامادەکاری بۆ قەیرانەکانی وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵی تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی لە دۆخی لەناکاودا بە خێرایی پەیوەندییان پێوە بکرێت.
هاوکات وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا هەموو باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی ئیسرائیل دەپارێزین. هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەین تاوەکو چەند مەترسییە لەسەر ئاسایشمان، بەڵام لە ئامادەییداین."
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ئێکس راگەیێندراوێکی سەبارەت بە بۆردوومانەکەی ئیسرائیل بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "رژێمی زایۆنی نەیدەتوانی هێرشەکە بەبێ هاوئاهەنگی و پەسندکردنی لەلایەن ئەمریکاوە بکات،" دەشڵێت: "حکومەتی ئەمریکا وەکو پاڵپشتیکاری سەرەکی ئەو رژێمە، رووبەڕووی بەرپرسیارییەتی تووند" دەبێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوەکەیدا دەشڵێت: "رژێمی زایۆنی پێشێلی یەکگرتوویی خاک و سەروەری نیشتمانی ئێرانی ئازیزمانی کرد"؛ گوتیشی: "ئێران مافی رەوای و یاسایی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم شەڕەنگێزییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ