رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیستۆنیا رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسیان لە "پێکەوە کارکردنی هاوبەشی داهاتوو" کردووە.
ئەمڕۆ هەینی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئالار کاریس، سەرۆکی ئیستۆنیا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی ئیستۆنیا بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "باسی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سووریا و وڵاتانی دەوروبەرمان کرد؛ هەروەها باسمان لە پێکەوە کارکردنی هاوبەشی داهاتوومان کرد."
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیستۆنیا و هەرێمی کوردستان، سەرۆکی وڵاتە ئەورووپییەکە بە رووداوی گوت، "چوومەتە ئەوێ. پار سەردانی عێراق و کوردستانیشم کرد،" لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆشدا "باسمان لە پەیوەندییە ئابوورییەکان کرد. هەموو شتێک باش دیارە."
نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا دەڵێت، "هەمیشە خۆشحاڵم بە بینینی سەرۆک ئالار کاریسی ئیستۆنیا. را و بۆچوونمان لەسەر چەندین بواری پێکەوە کارکردن و پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد."
کاریس یەکەمین سەرۆک بوو لە مێژووی ئیستۆنیادا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. سەردانەکە لە کانوونی دووەمی 2024 بوو.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات، کاریس سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی سەردانی ئیستۆنیا بکات.
لە راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان ئیستۆنیا و عێراق و هەرێمی کوردستان بوو، هەروەها باسيان له چۆنيهتيى بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لە بوارەکانی ئاسایش، تەکنەلۆجیا و پەروەردەدا كرد."
ئەو وڵاتەی باکووری ئەورووپا کە ئەندامی ناوچەی یۆرۆیە، یەکێک بووە لەوانەی لە بواری تەکنەلۆجیای زانیاری و گەیاندن یارمەتیی هەرێمی کوردستانی داوە.
ساڵی 2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بە رووداوی راگەیاند، هەرێمی کوردستان "سەرکەوتووترین" هاوبەشی ئەوان بووە لە رووی پێکەوەکارکردن لە بواری تەکنەلۆجیای زانیاری و گەیاندندا. وەزارەتی تەکنەلۆجیای زانیاری و گەیاندنی ئیستۆنیا لە ساڵی 2014ـەوە لەسەر داوای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکرد بە دروستکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ دادگەی پارێزگەی سلێمانی.
ئیستۆنیا لە ساڵی 2016ـەوە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە؛ نیسانی 2023 هێزێکی 110 ئەندامی لە سنووری پارێزگەی هەولێر بۆ پاراستنی بنکە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانییەکەی جێگیرکرد؛ هەروەها لە ساڵی 2014 لە رێگەی ناردنی چەک بۆ پێشمەرگە، بەشداری لە شەڕی دژی داعشدا کرد.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سەرۆک ئالار کاریس خواستی ئیستۆنیای بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و سهرۆک نێچیرڤان بارزانی بانگهێشت کرد بۆ سهرهدانی ئیستۆنیا؛ هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی هاوبەشی لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییە هەرێمییەکان كرد."
هەروەها سەرۆک نێچیرڤان بارزانی "پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی ئیستۆنیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانيهتیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەربڕی، ههروهها ستایشی دەرفەتەکانی هاوکاری لە بواری تەکنەلۆژیا و خوێندنی باڵای نێوان هەردوولادا کرد".
هەردوو سەرۆک باسیان لە "ههڵبژاردنی پهرلهمانی کوردستان و ههوڵهکانی پێکهێنانی حکومهتی داهاتووی ههرێمی کوردستان، پێشهاتەکانی عێراق و سووریا، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبهش"یش کرد.
دەقی پرسیار و وەڵامی ئاڵا شاڵی لەگەڵ سەرۆکی ئیستۆنیا
رووداو: ئێوە لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی باسی چیتان کرد و گفتوگۆکەتان چەند گرنگ بوو؟
ئالار کاریس، سەرۆکی ئیستۆنیا: کۆبوونەوەیەکی زۆر کورت بوو، بەڵام بەشی هەرە زۆری باسی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سووریا و وڵاتانی دەوروبەرمان کرد؛ هەروەها باسمان لە پێکەوەکارکردنی هاوبەشی داهاتوومان کرد.
رووداو: پەیوەندییەکانتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق لە چ دۆخێکدان؟
ئالار کاریس، سەرۆکی ئیستۆنیا: من چوومەتە ئەوێ. پار سەردانی عێراق و کوردستانیشم کرد. باسمان لە پەیوەندییە ئابوورییەکانیش کرد. هەموو شتێک باش دیارە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ