مەترسییەکانی جیهانێکی فرە جەمسەر؛ ئەم زانیارییانە بزانن

14-02-2025
جیهاد مستەفا
نیشانەکردن کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ساڵانە، پێش دەستپێکردنی کۆنفرانسی میونشن، راپۆرتێک بە گۆشەیەکی دیاریکراو لەبارەی کۆنفرانسەکە دەردەچێت، ئەم ساڵ جەختی راپۆرتەکە لەسەر فرەجەمسەرییە. ئەوەش بە واتای دابەشبوونی هێز و دەسەڵات لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا بەسەر چەند هێز و دەوڵەتێکی سەرەکیدا.
 
ئەگەر ساڵانی زووتر تەنیا یەک یان دوو هێزی زلهێز هەبووبان و جەمسەرەکانی جیهانیان بە دەستەوە بووایە، ئێستا بۆ فرە جەمسەر و هاتنەپێشەوەی هێزی دیکە گۆڕاوە. کۆنفرانسەکە باسی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی لەنێو ئەو جەمسەرە جیاوازانەدا دەکات. 
 
لە دوای کۆتایی جەنگی سارد، جیهان بۆ ماوەیەک یەک جەمسەری بوو بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، بەڵام ئێستا جیهان بەرەو سیستمێکی فرە جەمسەری دەڕوات کە تیێیدا چەند هێزێکی گەورە لەوانە ئەمریکا، چین ،رووسیا، یەکێتیی ئەورووپا و هیندستان رۆڵیان هەیە. 
 
بەمشێوەیە ئەو دۆخە کاریگەری لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، هاوسەنگیی هێز لە جیهاندا، شێوازی بڕیاردان لە پرسە نێودەوڵەتییەکان، ئابووریی جیهانی و هاوپەیمانێتییە سەربازی و سیاسییەکان هەیە. 
 
گۆڕانکارییەکانی هێزی جیهانی
 
زۆرێک لە پێنوێنە ئابوورییەکان ئەوە رووندەکەنەوە کە بۆچی ئەو فرە جەمسەرییە لە جیهان روویداوە، فرە جەمسەری، بەپێی راپۆرتی ساڵانەی کۆنفرانسەکە، هەرچەندە دەتوانیت بوار بۆ هاوکاری زیاد بکات، بەڵام مەترسیی زیادبوونی پێکدادانەکانیش زیاتر دەکات.
 
- لە ساڵی 2000، ئەمریکا 25%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆی جیهانی پێکدەهێنا، بەڵام پێشبینیی دەکرێت لە 2025 ببێتە 21%.
 
- پشکی چین لە کۆی بەرهەمی جیهانی لە 4% لە ساڵی 2000ـەوە بەرزبووەتەوە بۆ 17% لە 2025.
 
- ئابووریی هیندستان بە رێژەی ساڵانە 6.5% گەشە دەکات و دەیکاتە جەمسەرێکی نوێی هێز.
 
خەرجییە سەربازییەکان:
 
ئەمریکا: 886 ملیار دۆلار خەرجی هەیە وگەورەترینە لە جیهاندا
 
چین: 290 ملیار دۆلارە و لە پلەی دووەمدایە
 
یەکێتیی ئەورووپا: نزیکەی 330 ملیار دۆلارە بە کۆی گشتیی وڵاتان
 
رووسیا: 86 ملیار دۆلار بووە لە ساڵی 2024.
 
سێ گەورەترین هەڕەشەی جیهانی:
 
- مەترسییەکانی ئاسایشی سایبەری؛ 78%ـی سەرکردە جیهانییەکان بە مەترسییەکی گەورەی دەبینن.
 
- ململانێی جیۆپۆلەتیکی؛ 65%ـی سەرکردەکان نیگەرانن لە زیادبوونی گرژییە هەرێمییەکان، سەرەکیترینیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. 
 
- ناسەقامگیریی ئابووری: 58%ـی سەرکردەی وڵاتان نیگەرانن لە قەیرانی دارایی بەهۆی پاشەکشەی جیهانگیرییەوە.
 
ئەو وڵاتانەی زۆرترین نیگەرانییان هەیە لەبارەی سەقامگیری و ئاسایشی جیهانییەوە (2025):
 
ئەڵمانیا: 72% پێیانووایە ئاسایش و سەقامگیریی جیهانی خراپتر بووە.
 
فەرەنسا: 68% نیگەرانن لە گرژییەکانی سیستمی فرە جەمسەری.
 
هیندستان: 55% دەرفەت لە سیستمی فرە جەمسەریدا دەبینن، بەڵام نیگەرانن لە ناسەقامگیری.
 
 
کاریگەریی هێزە نوێیەکان تا ساڵی 2025:
 
- وەبەرهێنانی دەرەکیی چین: زیاتر لە 1.2 تریلیۆن دۆلار لە جیهاندا لە رێگەی پڕۆژەی پشتوێن و رێگەوە. 
 
- بودجەی تەکنەلۆژیا و بەرگریی هیندستان: بە رێژەی 15% ساڵانە زیادیکردووە بۆ فراوانکردنی کاریگەریی جیهانی.
 
- بەرازیل و باشووری ئەفریقا لە بریکس: چاوەڕوان دەکرێت بازرگانیی نێوان وڵاتانی بریکس تا 2025 لە 500 ملیار دۆلار تێپەڕێت.
 
 
چەند ژمارەیەکی گرنگ
 
- چاوەڕوان دەکرێت خەرجی بەرگریی جیهانی لە 2025 دا 2.2 تریلیۆن دۆلار تێبپەڕێنێت.
 
- وەبەرهێنان لە ژیریی دەستکرد و ئاسایشی سایبەری: 200 ملیار دۆلاری لە جیهاندا بۆ تەرخان کراوە. 
 
- سیاسەتی شەڕی بازرگانی: زیاتر لە 40 وڵات لە دوو ساڵی رابردوودا بەربەستی بازرگانیی نوێیان لە بەردەم بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا داناوە.
 
پەیوەندیی ئەورووپا و ئەمریکا شێوەی کۆنفرانسەکە دیاری دەکات
 
پەیوەندییەکانی ئەورووپا و ئەمریکا هەموو کات لە چوارچێوەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن هێڵە نوێکانیان دیاریکردووە، سەرەڕای ناکۆکییەکان لەوێدا هەوڵی نزیککردنەوەی بۆچوونەکان دەدرێت، میدیای فەرمی ئەڵمانیا دەڵێت: "لەوەتەی ترەمپ بووەتە سەرۆک، نیگەرانی زیاتر لە پەیوەندییەکان دروست بووە، بۆیە کۆنفرانسەکە بەردەوامە ئاماژەی ئەوە بووە کە پەیوەندییەکانی ترانس-ئەتڵەنتیک لە چ ئاستێکدایە؟ چاوەڕێ دەکرێت لە کۆنفرانسەکەدا زۆربەی گفتوگۆکان لەسەر ئەوە بن پەیوەندی نێوان ئەورووپا و ئیدارەی نوێ چۆن بێت؟ بەتایبەت لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا."
 
هەرچەندە کۆنفرانسەکە تەنیا گفتوگۆ و راوێژ و کۆبوونەوەیە، بەڵام لەبەرئەوەی داهاتووی زۆر پرس دیاری دەکات؛ چاوی زۆری لەسەرە. 
 
ترەمپ دەڵێت: "یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ، فێڵیان لێکردووین چ لە بازرگانی یان لە ناتۆ دا." قسەکانی ترەمپ لە راپۆرتی ئاسایشی میونشندا هاتووە. ترەمپ هەروەها گوتوویەتی:" ئەگەر پارە نەدەن، ناتانپارێزین."
 
هەروەها خاڵێکی دیکە بەپێی راپۆرتی ئاسایشی میونشن، "دەرکەوتنی کاریگەریی گەورەی بڕینی هاوکاری رێکخراوەکانە لەلایەن ئەمریکاوە.''
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە