رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سوێد دەڵێ، ئێوارەی رۆژی هەینی پاسێک لە نێوەڕاستی ستۆکهۆڵمی پایتەخت خۆی بە ژمارەیەک کەسدا کێشاوە کە لە وێستگەیەکدا وەستابوون، لە ئەنجامدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.
لە راگەیێندراوێکدا پۆلیس گوتی، "لە رووداوەکەدا بریندار و کوژراو هەیە. پۆلیس لەم کاتەدا ژمارە، رەگەز و تەمەنی قوربانییەکان ئاشکرا ناکات."
وێنەی میدیای سوێد ژمارەیەکی زۆری ئەندامی هێزەکانی پۆلیس، ئەمبوڵانس و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن لە شوێنی رووداوەکە نیشان دەدەن، لەکاتێکدا تیمەکانی فریاکەوتن لەژێر پاسە دوو نهۆمییەکەدا خەریکی یارمەتیدانی ئەو کەسانەن کە گیریان خواردووە.
نادیا نۆرتن، گوتەبێژی پۆلیس، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، هۆکاری رووداوەکە هێشتا نەزانراوە.
گوتەبێژی پۆلیس گوتیشی، "لێکۆڵینەوەکانن دەریدەخەن چی روویداوە. ئێستا زۆر زووە بۆ قسەکردن و نامەوێ هیچ گریمانەیەک بکەم."
نۆرتن ئاماژەی بەوەش کرد، شۆفێری پاسەکە دەستگیر کراوە و وەک رێکارێکی ئاسایی، دۆسیەی "کوشتنی بەهەڵە"ی بۆ کراوەتەوە.
هەروەها گوتی، "پێویستە لێپرسینەوەی لێبکەین، پاشان بڕیار دەدەین ئایا ئازاد دەکرێ یان دەستبەسەر دەمێنێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ