ئێران بۆ ترەمپ: پلانی لەسێدارەدانی خۆپێشاندەرانمان نییە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند پێیان راگەیێندراوە کوشتار لەو وڵاتە وەستاوە؛ وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، هیچ پلانێکیان بۆ لەسێدارەدانی خۆپێشاندەران نییە.
 
رۆژی چوارشەممە 14-01-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند: "ئاگادارکراومەتەوە کوشتنی خۆپێشاندەران لە ئێران راگیراوە و هیچ پلانێک نییە بۆ لەسێدارەدانیان. ئەوەم پێڕاگەیێندراوە و لێکۆڵینەوەی لێدەکەین."
 
ترەمپ هۆشداری دا، ئەگەر زانیارییەکان راست نەبن "زۆر تووڕە دەبێت" و ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوە دەکەن بزانن ئاخۆ پێویست بە هەنگاوی دیکە دژی ئێران دەکات یان نا.
 
لێدوانەکەی ترەمپ دوای ئەوە هات، پێشتر هەڕەشەی دەستوەردان و هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران کردبوو، ئەگەر کوشتن و لە سێدارەدانی خۆپێشاندەران بەردەوام بێت.
 
لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای ئەمریکی راگەیاند: "ئەمڕۆ و سبەی هیچ پلانێک نییە بۆ لە سێدارەدان."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی گرووپێکی ناردووەتە نێو وڵاتەکەی بۆ کوشتنی خۆپێشاندەران و زیادکردنی ژمارەی کوژراوان، تاوەکو ئەمریکا ناچار بە دەستوەردان بکات.
 
دوای ئەو لێدوانانە، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاویانکردەوە، بڕیاربوو ژمارەیەک خۆپێشاندەر، لەنێویاندا (ئیرفان سوڵتانی)ـی تەمەن 26 ساڵ لە سێدارە بدرێن، بەڵام ئێستا بڕیارەکە هەڵوەشاوەتەوە.
 
نزیکەی سێ هەفتەیە خۆپێشاندان شارەکانی ئێرانی گرتووەتەوە؛ رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لە کوژرانی زیاتر لە سێ هەزار و 400 کەس و دەستگیرکردنی نزیکەی 10 هەزار کەسی دیکە دەکەن.
 
لێبووردنی نێودەوڵەتی: کۆمەڵکوژی کراوە
 
رۆژی چوارشەممە 14-01-2026، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) لە راپۆرتێکدا کە پشت بە بەڵگەی ڤیدیۆیی و گەواهیدەران دەبەستێت، رایگەیاند: "دەسەڵاتدارانی ئێران لە هەڵمەتی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەراندا، کۆمەڵکوژییەکی نایاسایییان بە قەبارەیەکی بێ وێنە کردووە."
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، هێزە ئەمنییەکان لەسەر شەقام، سەربانی باڵەخانەکان، مزگەوتەکان و بنکەکانی پۆلیسەوە تەقە لە خۆپێشاندەرانی بێچەک دەکەن و زۆربەی قوربانییەکان "سەر و سنگیان کراوەتە ئامانج".
 
بەهۆی ئەگەری هێرشی ئەمریکا و گرژییەکانەوە، تاوەکو ئێستا 19 وڵات هۆشدارییان بە هاووڵاتییانیان داوە گەشت بۆ ئێران نەکەن و بە زووترین کات ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
 
ئەو وڵاتانە پێکهاتوون لە: ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئوسترالیا، چیک، سوێد، فینلاند، نەرویج، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، هیندستان، مالیزیا، رۆمانیا، بولگاریا و ئیسپانیا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مارک ساڤایا، نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق

نێردەی ئەمریکا: دەبێت چاکسازی لە کەرتی بانکیی حکومی و ئەهلیی عێراق بکرێت

نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی گەنجینەی ئەمریکا تاوتوێی دۆخی دارایی عێراقیان کردووە و رێککەوتوون لەسەر پێداچوونەوە بە مامەڵە داراییە گوماناوییەکان و سزادانی ئەو تۆڕانەی دەبنە هۆی لاوازکردنی سیستمی دارایی وڵات.