رووداو دیجیتاڵ
نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی گەنجینەی ئەمریکا تاوتوێی دۆخی دارایی عێراقیان کردووە و رێککەوتوون لەسەر پێداچوونەوە بە مامەڵە داراییە گوماناوییەکان و سزادانی ئەو تۆڕانەی دەبنە هۆی لاوازکردنی سیستمی دارایی وڵات.
رۆژی پێنجشەممە بەکاتی هەولێر (چوارشەممە بەکاتی ئەمریکا)، مارک ساڤایا، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق لە ئێکس بڵاویکردەوە، لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان (OFAC) کۆبووەتەوە.
ساڤایا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی چاکسازی بووە لە کەرتی بانکی و بەهێزکردنی شەفافییەتی دارایی لە عێراقدا. لەو چوارچێوەیەشدا جەخت لە چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکان و دەرفەتەکانی چاکسازی لە هەردوو کەرتی بانکیی حکومی و تایبەت کراوەتەوە، ئەوەش بە مەبەستی "بەهێزکردنی حوکمڕانیی دارایی، پابەندبوونی بانکی و لێپرسینەوەی دامەزراوەیی."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی نێردەی ئەمریکا، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بۆ تۆماری ئەو پارەدان و مامەڵە داراییە گوماناوییانەی کە دامەزراوە، کۆمپانیا و کەسایەتییەکانی ناو عێراق تێیدا تێوەگلاون.
نێردەی ئەمریکا دەڵێت، ئەو پێداچوونەوەیە بەتایبەت ئەوانە دەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە "قاچاخچێتی، سپیکردنەوەی پارە و گرێبەستە داراییە ساختەکانەوە هەیە، کە بۆ دابینکردنی دارایی چالاکییە تیرۆریستییەکان بەکاردەهێنرێن."
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە هەنگاوەکانی داهاتوو سەبارەت بە سەپاندنی سزا بۆ سەر ئەو لایەن و تۆڕانەی بە "تێکدەر" وەسفکراون، کە دەبنە هۆی لاوازکردنی یەکێتیی دارایی و تێکدانی دەسەڵاتی دەوڵەت لە عێراقدا.
مارک ساڤایا باس لە دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن دەکات و دەڵێت: "ئێستا و لەژێر سەرکردایەتیی سەرۆک دۆناڵد ترەمپدا، پەیوەندییەکان گەیشتوونەتە بەهێزترین ئاستی مێژوویی خۆی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ