کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: ئاگاداری ئاوارەبوون و هێرشکردنە سەر کوردین لە حەلەب

15-01-2026
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
ئانالینا بێربۆک، سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئانالینا بێربۆک، سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، راپۆرتەکانی تایبەت بە ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی گەلی کورد لە حەلەب و دەوروبەرییان پێگەیشتووە و جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی مرۆڤایەتی ئەرکێکی جیهانییە و نابێت چاو لە ئاست پێشێلکارییەکان دابخرێت.
 
لە وەڵامی پرسیارێکی نامۆ عەبدوڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک سەبارەت بە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ناوچە کوردییەکان، ئانالینا بێربۆک، سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموو نەتەوەکان وەک یەکە و جیاوازی لەنێوان کورد،کریستیان و پێکهاتەکانی دیکەدا نییە.
 
 بێربۆک دەڵێت، "پێویستە میکانیزمێکی سەربەخۆ هەبێت و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و میدیاکان بگەنە ناوچەکە بۆ ئەوەی راپۆرت لەسەر راستیی رووداوەکان بدەن، تاوەکو بتوانرێت لێپرسینەوە لەوانە بکرێت کە بەرپرسیارن لەو دۆخە."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و ئانالینا بێربۆک:
 
رووداو: زۆر سوپاس خاتوون سەرۆک بۆ ئەم کۆنفرانسە. لە چەند رۆژی رابردوودا، بینیمان چەکدارە ئیسلامییەکان لە سووریا هێرشیان کردە سەر هێزە کوردییەکان، هەمان ئەو ژن و پیاوانەی کە جیهان بۆ تێکشکاندنی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) پشتی پێ بەستن، و کاتێک ئەوان ئەو کارەیان دەکرد، تۆ وەزیری دەرەوە بوویت. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 100 هەزار کەس لە ناوچە زۆرینە کوردییەکان ئاوارە بوون. تازە ئاماژەت بە قسەی ئەو رزگاربووەی هۆلۆکۆست کرد کە گوتبوونی "خراپە ئەو کاتە زاڵ دەبێت کە مرۆڤە باشەکان هیچ ناکەن"، پرسیارەکەی منیش لێرەدا ئەوەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قوربانییانەی گەلی کورد لە شەڕی دژی داعشدا داویانە، ئایا پێت وایە جیهان ئەرکێکی ئەخلاقی لەسەر شانە کە ئەمڕۆ پشتیان تێنەکات؟ سوپاس.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: "باشە، وەک لە گفتوگۆکەی پێشترمدا لەگەڵت گوتم، و پێم وایە ئەمە ئێستا زۆر گرنگترە. مافەکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی لەیەک دانەبڕاون. ئەمەش بەو مانایە دێت گرنگ نییە ئێمە باس لە کام نەتەوە یان گرووپ دەکەین، کورد بێت، مەسیحی بێت، موسڵمان بێت، یان رۆهینگیا و ئەوانی دیکەبن. هەر کەسێک لەسەر ئەم زەوییە ئەو مافەی هەیە کە ئێمە لێی بێدەنگ نەبین و چاومان دانەخەین کاتێک پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ روودەدەن، و لێپرسینەوە لەوانە بکەین کە بەرپرسیارن.
 
تەحەددییەکە، بەتایبەتی کاتێک لێرە لە ناو باڵەخانەیەک لە نیویۆرک دانیشتووین، هەمیشە ئەوەیە کە ئێمە لە مەیدانەکەدا نین. ئەوەی پێشتر بە ئەرێنی سەبارەت بە سۆشیاڵ میدیا و تەکنەلۆژیا نوێیەکان گوتم، مەبەستم ئەوەیە لایەنێکی تاریکیش لێرەدا هەیە. ناتوانم لێرە لەم سەکۆیەوە بڕیار لەسەر ئەوە بدەم کە لە شوێنێکی دیکەی جیهان چی روودەدات، بەتایبەتی کە بەداخەوە زۆر جار بینیومانە هەندێک کەس وا نیشانی دەدەن کە ئەمە یان ئەوە روویداوە.
 
هەر لەبەر ئەمەیە، زۆر گرنگە میکانیزمێکی سەربەخۆمان هەبێت. یەکەم هەنگاو بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ، گەیشتنی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە. گەیشتنی نەتەوە یەکگرتووەکان و میدیاکانە بۆ ئەوەی راپۆرت لەسەر ئەوە بکەن چی دەگوزەرێت، تا بتوانین لێپرسینەوە لە خەڵک بکەین.
 
من تەنها دەتوانم جەخت لەسەر ئەو قسانە بکەمەوە کە لەلایەن سکرتێری گشتی و ئۆرگانەکانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گوتراون. سەبارەت بە دۆخی حەلەب و دەوروبەری، ئاوارەبوونی گەلی کوردمان پێ گەیشتووە. بینیومانە هێرش کراوەتە سەر خەڵکی سڤیل. 
 
 
خەڵکی سڤیل  کە بێگومان کوردیش دەگرێتەوە، دەبێت لەژێر هەموو بارودۆخێکدا بپارێزرێن، و من بە توندی داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا ئەوەمان بینیوە، و ئەمەش بەو مانایەیە کە پرۆسەی ئاشتی بە رێبەرایەتی سووریا، وەک پێشتریش گوتوومە، دەبێت هەموو گروپەکان و هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکان لە سووریا بگرێتەوە. بێگومان بەرپرسان، حکومەت و سەرۆکی سووریا، بەرپرسیارێتی ئەوەیان لەسەرە دڵنیابن نەک هەر هەموو گروپەکان لە پرۆسەی ئاشتیدا بەشدار دەبن، بەڵکو دەبێت هەموو خەڵکی ناو سووریا پارێزراوبن."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆشکی سپی

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی: ترەمپ ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردایەتییە نوێیەکەی ئێران بکات

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە "سەرکردایەتییە نوێیە ئەگەرییەکەی ئێران" ئەوەیان پیشانداوە کە دەیانەوێت گفتوگۆ بکەن و ئەویش لە کۆتاییدا گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات.