رووداو دیجیتاڵ
لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا کۆبوونەوە. لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەرمینیا بڵاویکردەوە، هەردوولا باسی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و هەنگاونان بەرەو ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە کرد.
رۆژی شەممە، 15ـی شوباتی 2025، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەرمینیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەرمینیا دەڵێت، "هەردوولا خۆشحاڵی خۆیان بە هاوبەشی بازرگانی دوولایەنە دەربڕی و جەختیان لە گرنگی قووڵکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکان کردەوە کە وزەیەکی زیاتر بە پەیوەندییە ئابوورییەکان دەبەخشێت".
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەرمینیا، "بیروڕایان لەبارەی پرسە گرنگەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد و جەختیان لە گرنگی جێبەجێکردنی هەنگاوە بەردەوامەکان بەرەو دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری کردەوە".
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییهکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لهگهڵ ئەرمینیا تاوتوێ کران، "هەروەها باسيان له چۆنيهتيى بەهێزکردنی هاوکاری لە بواری ئابووری، کولتووری، كار و بازرگانیدا كرد و لەبارەی گهشتى ئاسمانيى راستهوخۆى ههولێر ـ يهريڤان، بيروڕايان گۆڕييهوه."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کورستان دەڵێت: "نێچیرڤان بارزانی خواستى ههرێمى كوردستانى بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەرمینیا دهربڕى و دووپاتى كردهوه كه ههردوولا دهتوانن له چهندين بواردا هاريكاريى هاوبهش بكهن، بهتايبهتى لهو كهرتانهدا كه بۆ ههردوولا پێويستن."
لاى خۆیەوە سەرۆکوەزیران نیکۆل پاشنیان، خواستی ئەرمینیای بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، هەروەها ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد وەک نموونەیەک بۆ پێکەوەژیان و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
ئەمە 61ـــەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنە؛ کۆنفرانسەکە سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسە سەرەکییەکانی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە و تاوەکو 16ـی شوبات، بە بەشداری بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەورووپا و جیهان بەڕێوەدەچێت.
سێ لە پرسە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە تاوتوێکردنی ئاگربەست لە غەززە، وەستانی شەڕی نێوان رووسیا - ئۆکراینا ودۆخی سووریان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ