رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی لیتوانیا رایگەیاند، پاراستنی مافی پێکهاتەکانی سووریا، لەوانەش گەلی کورد، مەرجی سەرەکیی یەکێتیی ئەورووپا بوو بۆ هەڵپەساردنی بەشێک لە سزاکانی سەر ئەو وڵاتە لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە؛ هۆشدارییش دەدات، ئەگەر حکومەتی سووریا پابەند نەبێت، ئەو یەکێتییە مافی هەیە سزاکان بگەڕێنێتەوە.
رۆژی سێشەممە 15ی تەممووزی 2025 کاستوتیس بودریس، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا لە برۆکسل وەڵامی پرسیارەکانی ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی بۆ رووماڵی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکی ئاڵا شاڵییدا سەبارەت بەوەی یەکێتیی ئەورووپا چی دەکات بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکانی سووریا، بەتایبەت گەلی کورد، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا گوتی، "ئەوە یەکێک بوو لە داواکارییەکان و یەکێکیش بوو لە مەرجەکان بۆ هەڵوەشاندنەوە یان هەڵپەساردنی سزاکان لەسەر سووریا، کە دەبێ سووریا پەیڕەوی بنەماکانی فرەیی، پاراستنی هەموو گرووپەکانی نێو کۆمەڵگە و هەموو کەمینەکان بکات. ئێمە چاودێریی ئەمە دەکەین. بۆ ئێمە ئەمە بەڕاستی گرنگە، ئینجا ئایینی بێت، نەتەوەیی بێت، یان هەر ناسنامەیەکی دیکە. بۆیە دەبێت بپارێزرێت. ئەوە مەرجەکە بوو."
کاستوتیس بودریس جەختی کردەوە کە یەکێتیی ئەورووپا چاودێریی دۆخەکە دەکات و گوتی: "ئەگەر رێز لەم مەرجە نەگیرێت، ئەوا یەکێتیی ئەورووپا مافی ئەوەی هەیە سزاکان بگەڕێنێتەوە. دەمانەوێت پەیامێکی زۆر روون بنێرین، چونکە ئەمەش مەرجی لیتوانیا بوو بۆ پشتیوانیکردن لەو کۆدەنگییە زۆر سەختەی پێی گەیشتین."
وەزیری دەرەوەی لیتوانیا باسی لەوەش کرد، ئەوان دەیانویست یارمەتی دەسەڵاتی نوێی سووریا بدەن و رایگەیاند: "ئێمە بەڕاستی دەمانەوێ پشتیوانی سووریا بکەین. دەبینین دۆخەکە چەندە ئاڵۆزە... ئێوە [سووریا] پێویستتان بە یارمەتییە و ئێمەش ئامادەین پێشکێشی بکەین، بەڵام هەندێک بنەمای یاسای نێودەوڵەتی هەن کە دەبێت پەیڕەویان لێبکرێت، ئەوانیش پەیوەندییان بە رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و ستانداردەکانی مافی مرۆڤەوە هەیە."
لەبارەی بۆچوونی لەسەر ناردنەوەی پەناخوازان لەلایەن هەندێک وڵاتی ئەورووپاوە کاستوتیس بودریس گوتی، ئەمە پرسێکە کە هێشتا گفتوگۆ دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی لیتوانیا گوتی، "پرۆسەیەکی بەردەوامە سەبارەت بەوەی چۆن پەیماننامەی کۆچ و پەنابەری جێبەجێ دەکەین. ئێمە لە گفتوگۆداین لەگەڵ وڵاتان و پێم وایە چارەسەرێک دەدۆزینەوە، بەتایبەتی سەبارەت بەو وڵاتانەی کە بە شوێنێکی ئارام بۆ ژیان دادەنرێن."
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی کاستوتیس بودریس، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا:
رووداو: یەکێتی ئەورووپا چ رۆڵێک دەگێڕێ بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە سووریا، بەتایبەت کورد، لەکاتێکدا بۆ هەموو ئەورووپا شەڕی داعشی کرد؟
کاستوتیس بودریس، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا: ئەوە یەکێک بوو لە داواکارییەکان و یەکێکیش بوو لە مەرجەکان بۆ هەڵوەشاندنەوە یان هەڵپەساردنی سزاکان لەسەر سووریا، کە دەبێ سووریا پەیڕەوی بنەماکانی هەمەلایەنی، پاراستنی هەموو گرووپەکانی نێو کۆمەڵگە و هەموو کەمینەکان بکات. ئێمە چاودێریی ئەمە دەکەین. بۆ ئێمە ئەمە بەڕاستی گرنگە، جا ئایینی بێت، نەتەوەیی بێت، یان هەر ناسنامەیەکی دیکە بێت. بۆیە دەبێت بپارێزرێت. ئەوە مەرجەکە بوو. ئەگەر رێز لەم مەرجە نەگیرێت، ئەوا یەکێتی ئەورووپا مافی ئەوەی هەیە کە سزاکان بگەڕێنێتەوە. دەمانەوێت پەیامێکی زۆر روون بنێرین چونکە ئەمەش مەرجی لیتوانیا بوو بۆ پشتیوانیکردن یان ناکۆک نەبوون لەگەڵ ئەم کۆدەنگییە زۆر سەختەی پێی گەیشتین. ئێمە بەڕاستی دەمانەوێت پشتیوانی سووریا بکەین. دەبینین دۆخەکە چەندە ئاڵۆزە. تەنیا زیاتر لە نیو ساڵ تێپەڕیوە لەوکاتەوەی کە جەنگە دڕندانەیە وەستاوە. ئێوە پێویستان بە یارمەتییە. ئێمەش ئامادەین بەشداربین تێیدا بۆ پێشکەشکردنی. بەڵام هەندێک بنەمای یاسای نێودەوڵەتی و بنەما هەن کە دەبێت پەیڕەویان لێبکرێت. ئەوانەش پەیوەندییان بە رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتانەوە هەیە، کە دەبێت رێز لە ستانداردەکانی مافی مرۆڤیش بگیرێت.
رووداو: بۆچوونتان لەبارەی ناردنەوەی پەناخوازان لەلایەن هەندێک وڵات، بۆ نموونە ئەڵمانیا چییە؟
کاستوتیس بودریس، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا: "ئەمە هێشتا پرۆسەیەکی بەردەوامە سەبارەت بەوەی چۆن پەیماننامەی کۆچ و پەنابەری جێبەجێ دەکەین. ئێمە لە گفتوگۆداین لەگەڵ وڵاتان. و پێم وایە چارەسەرێک دەدۆزینەوە، بەتایبەتی سەبارەت بەو وڵاتانەی کە بە شوێنێکی ئارام بۆ ژیان دادەنرێن. سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ