رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتووەتە ئەلاسکا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا؛ ئامادەنەبوونی کەسایەتییەکی پەیوەندیداری ئەمریکی بەو دۆسیەوە بووەتە جێگەی پرسیار، ئەویش کیس کیلۆگ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکایە بۆ کاروباری ئۆکراینا.
کیس کیلۆگ لەنێو ئەو شاندەدا نییە کە یاوەریی ترەمپ بۆ ئەم لووتکە چارەنووسسازە دەکەن.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ بە میدیای ئەمریکیی راگەیاندووە، لایەنی رووسی، کیلۆگ وەکو کەسێکی "لایەنگری ئۆکراینا" دەبینێت، بۆیە "دەکرا ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەکەدا کاریگەریی نەرێنیی هەبێت و ببێتە رێگر لەبەردەم گفتوگۆکان."
دوو بەرپرسی دیکەی ئیدارەکە جەختیان لەوە کردەوە، کیلۆگ سەرجەم زانیاری و تێبینییەکانی خۆی کە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکراینا وەریگرتوون، رادەستی ترەمپ و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کردووە؛ بۆیە ئامادەنەبوونی "جێگەی نیگەرانییەکی گەورە نییە."
یەکێک لە بەرپرسەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، روبیۆش بەوە ناسراوە کە هەڵوێستێکی تووندی بەرامبەر رووسیا هەیە و پێشتر پووتینی بە "تاوانباری جەنگ" ناوبردووە.
سەرەڕای روونکردنەوەکانی ئیدارەی ترەمپ، بەشێک لە دیپلۆماتە ئەورووپییەکان نیگەرانیی خۆیان لە ئامادەنەبوونی کیلۆگ لەم کۆبوونەوەدا نەشاردووەتەوە.
بەرپرسێکی ئەورووپا رایگەیاندووە، "کیلۆگ هیوای خواستبوو لەوێ بێت و دەبوو لەوێ بێت."
کەناڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریکی دەڵێت، ئەو بەرپرسە ئەورووپییە گوتوویەتی، کیلۆگ باشترین تێگەیشتنی هەیە لەوەی ئۆکراینا ئامادەیە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا چی قبووڵ بکات.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت کیلۆگ لە هەر کۆبوونەوەیەکی داهاتوودا کە هەرسێ لایەنی ئەمریکی، رووسی و ئۆکراینی لەخۆبگرێت، بەشدار بێت.
بڕیارە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ئەلاسکا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە. کۆبوونەوەکە تایبەتە بە هەوڵی کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکراینا.
دۆناڵد ترەمپ لەکاتی بەڕێکەوتنی بۆ ئەلاسکا لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، رێگە بە ئۆکراینا دەدات بڕیاربدات لەوەی کە ئایا دەیەوێت ئاڵوگۆڕی خاک لەگەڵ رووسیا بکات و گوتیشی، ئامانجی ئەوەیە وا لە هەردوولا بکات دەست بە دانوستاندن بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ