رووداو دیجیتاڵ
لووتکەی ئەمریکا و رووسیا لە ئەلاسکا دەستیپێکرد. کۆشکی سپی و کرێملن دەڵێن، گۆڕانکاری لە پلانی لووتکەکەدا دروستبووە و هەردوو سەرۆک بە تەنیا کۆنابنەوە.
جیهان چاوەڕێ دەکات کە کۆبوونەوەکە چ ئەنجامێکی بۆ جەنگی خوێناویی ئۆکراینا دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتینی هاوتا رووسییەکەی، بە جیا بە فڕۆکە گەیشتنە بنکەی ئاسمانیی ئێلمێندۆرف ریچاردسن.
دوای دابەزینیان لە فڕۆکەکانیان، ترەمپ و پووتین تەوقەیان کرد و هەردووکیان دەستیان لە ئەنیشکی یەکدی دا. هەروەها ترەمپ چەند جارێک دەستی لە پشتی پووتین دا.
پاشان هەردوو سەرۆک بۆ وێنەگرتن چوونە سەر سەکۆیەکی تایبەت بە لووتکەکە.
دوای وێنەگرتن، ترەمپ و پووتین بە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی سەرۆکی ئەمریکا، بە یاوەریی کاروانێکی سەرۆکایەتی، بەرەو شوێنی لووتکەکە بەڕێکەوتن.
سەرەتا پلان وابوو هەردوو سەرۆک بە تەنیا کۆببنەوە و تەنیا وەرگێڕەکانیان بەشدار بن. بەڵام دواتر کۆشکی سپی رایگەیاند، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار دەبن.
لەلایەنی رووسیاش، کرێملین رایگەیاند، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوە و یوری ئۆشاکۆڤ، راوێژکاری سەرۆکی رووسیا ئامادەی لووتکەکە دەبن.
بە گوتەی کارۆلاین لێڤیت، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی کە لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، دواتر کۆبوونەوەیەکی فراوانتر بە بەشداریی بەرپرسانی دیکە بەڕێوە دەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ