رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای 17 ساڵ مانەوەی لە نەرویج، دەستبەسەر کراوە. هاوژینەکەی دەڵێت، بڕیاردراوە بە زۆر بنێردرێتەوە بۆ ئێران، لەکاتێکدا "پەیوەندی لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستان هەبووە و ناردنەوەی مەترسییە لەسەر ژیانی".
محەممەد ئەمین پوور، ناسراو بە (سیروان) کە باوکی کچێکی هەشت ساڵانە، دوای 17 ساڵ مانەوەی لە نەرویج، دەستبەسەرکراوە و ناوی تۆمارکراوە دیپۆرتی ئێران بکرێتەوە.
هێرۆ بەختیار هاوژینی سیروانە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سیروان ساڵی 2008 لە ئێران هەڵات و رووی کردە نەرویج، دوای حەوت ساڵ داواکردنی مافی پەنابەری لەو وڵاتە هیچ وەڵامێکی ئەرێنی وەرنەگرت".
دوای ئەوەی سیروان داوای مافی پەنابەریی لە نەرویج رەتدەکرێتەوە، ساڵی 2016 هێرۆ بەختیار لە سوێد دەناسێت و دەبنە هاوژین، ئێستا کچێکی هەشت ساڵانیان هەیە.
هێرۆ بەختیار دەڵێت: "دوای رێکارە فەرمییەکانی گرێبەستی هاوژینی لەگەڵ من، زیاتر لە پێنج جار هاوژینەکەم داوای مافی پەنابەریی لە سوێد کرد، بەڵام رەتدەکرایەوە و دەنێردرایەوە بۆ نەرویج".
مانگی 11ـی ساڵی رابردوو، کاتێک سیروان لە نەرویجەوە دەیەوێت سەردانی هێرۆ بەختیاری هاوژینی و ماریای کچی بکات لە سوێد، پۆلیسی سوێدی دەستبەسەری دەکەن و مانگ و نیوێک لە کەمپی تایبەت بە دیپۆرتکردنەوە دایدەنێن و پاشان رادەستی نەرویجی دەکەنەوە.
هێرۆ دەڵێت: "پۆلیسی نەرویج دووشەممە 05ـی ئەم مانگە رەوانەی کەمپی تایبەت بە ناردنەوەیان کرد، پەیوەندی بە منەوە کرد و گوتی دەیانەوێت بە زۆر بمنێرنەوە ئێران. بردبوویانە فڕۆکەخانەش لەوێ ناڕەزایی دەربڕیبوو، چەند کەسێکی نەرویجیش هاوکارییان کردبوو ناردنەوەکەی دواخرابوو".
بە گوتەی هاوژینەکەی بێت، ئەو هاونیشتمانییە لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پەیوەندیی هەبووە و ناردەنەوەی بۆ ئێران مەترسی تەواو دەخاتەسەر ژیانی.
هێرۆ باس لە دۆخی ئێستای هاوژینەکەی دەکات و دەڵێت: "ئێستاش لە کەمپە و دەڵێن دەینێرنەوە، بەڵام بەداخەوە دۆخی ئێستای ئێران زۆر خراپترە و ناردنەوەی بە تەواوی ژیانی دەخاتە مەترسییەوە".
هێرۆ دەڵێت، دەستبەسەرکردنی سیروان لە نەرویج کاریگەری لەسەر کچە هەشت ساڵانەکەشی هەبووە: "ماریای کچمان تووشی دەیان جۆر بیرکردنەوەی ئاڵۆز بووە و هەر دەپرسێت باوکم چێ بەسەردێت و لە ئێران دەیکوژن یان چی لێدەکەن؟ تەنانەت وای لێهاتووە چەند رۆژێکە ناچێتە قوتابخانەکەی و دۆخی دەروونیم بۆ مامۆستاکانیشی باس کردووە".
ئەو هاونیشتمانییە داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا دەکات، بۆ پێشگرتن لە بە "زۆر" ناردنەوەی هاوژینەکەی دەستوەردان بکەن و رێگەنەدەن رادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ