کۆشکی ئیلیزێ: ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی داوای دەستبەجێ راگرتنی شەڕی سووریا دەکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، بە تەلەفۆن قسەیان کرد. کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا (ئیلیزێ) دەڵێت: "هەردوولا داوایان کردووە دەستبەجێ شەڕ بوەستێنرێت و ئاگربەستێکی هەمیشەیی رابگەیێنن."
 
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، کۆشکی کۆماریی فەرەنسا ناسراو بە ئیلیزێ، راگەیێندراوێکی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئیمانوێل ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی بڵاوکردەوە.
 
"ئاگربەستی هەمیشەیی لە سووریا رابگەیێنن"
 
لە راگەیێندراوەکەی ئیلیزێ دا هاتووە، "هەردوولا نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر بە پێکدادانە بەردەوامەکان [لە سووریا] دەربڕی، بەتایبەتی لە ناوچەکانی دێر حافر و مەسکەنە."
ئیلیزێ دەڵێت: "داوایان لە هەموو لایەنەکان کردووە دەستبەجێ گرژییەکان کەم بکەنەوە و ئاگربەستێکی هەمیشەیی رابگەیێنن."
 
دەست بە گفتوگۆ بکرێتەوە
 
لە راگەیێندراوەکەی کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسادا هاتووە، [ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی] پاڵپشتیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی بێ دواکەوتنی گفتوگۆکان سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا دووپاتکردەوە، ئەمەش بەپێی رێککەوتنی 10ی ئازار."
 
"جەختیشیان کردەوە کە پێویستە ئەم پرۆسەیە لە زووترین کاتدا کۆتایی پێ بهێنرێت، لە پێناو بەرژەوەندیی یەکپارچەیی و سەقامگیریی سووریادا."
 
تووندوتیژیی بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل قبووڵکراو نییە
 
هەردوو سەرۆک ئاماژەیان بەوە کردووە، تووندوتیژی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی سڤیل بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان بە تەواوی لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی سووریایە."
 
"مافەکانی کورد لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێن"
 
هەر لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، باسیان لە دۆخی عێراق، هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد، بەتایبەتی تیشک خرایە سەر پێشهاتەکانی سووریا.
 
هەردوولا "نیگەرانیی قووڵیان بەرامبەر بە ئاڵۆزی و پێکدادانەکان لە سووریا دەربڕی" و داوایان کرد هەموو لایەک دۆخەکە هێور بکەنەوە. هەروەها پشتیوانییان بۆ دەستبەجێ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا دەربڕی.
 
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ماکرۆن "ستایشی رۆڵ و هەوڵەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ نێوەندگیری و هەوڵەکانی لەپێناو ئارامکردنەوەی دۆخی سووریا."
 
لەلایەن خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە "پێویستە مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریادا جێگیر بکرێن."
 
لە سووریا چی روودەدات؟
 
لە بەیانیی ئەمڕۆوە، شەڕ و پێکدادانی سەخت لەنێوان سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپەکانی، لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە سنووری شارەکانی دێرحافر و مەسکەنە دەستیپێکردووە.
 
ئەم شەڕە چەند کاژێرێک دوای بڕیارەکەی مەزڵووم عەبدی هات بۆ کشانەوە بۆ رۆژهەڵاتی فورات. بەڵام هەردوولا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.
 
هەسەدە دەڵێت: هێزەکانی حکومەتی سووریا ناپاکییان لێکردوون و هێرشیان کردووەتە سەریان. هەسەدە، حکومەتی دیمەشق و هێزە نێودەوڵەتییەکانی بە "بەرپرسیاری تەواو"ی سەلامەتی و ژیانی شەڕڤانە گەمارۆدراوەکانی زانی و داوای کرد سەلامەتیان مسۆگەر بکرێت تاوەکو دەگەنە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
 
بەڵام سوپای عەرەبیی سووریا دەڵێت: هەسەدە بۆسەیان بۆ داناونەتەوە و هێرشیان کردووەتە سەریان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە