وەزیری ناوخۆی بەریتانیا: سیستمی پەنابەری لەدەستدەرچووە و نادادپەروەرانەیە

18-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 شابانا مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە گوتارێکدا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی هێرشی کردە سەر "بێمانایی" سیستمی پەنابەریی بەریتانیا و پلانێکی بۆ چاکسازی لەو سیستمە خستەڕوو. وەزیرەکە ئاماژەی بەوەشکرد، رێکاری تووندتر بەرامبەر ئەو پەناخوازانە دەگرنەبەر، کە خەڵکی سووریا، ئەنگۆلا، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و نامیبیان.
 
شابانا مەحموود رایگەیاند: "بۆ خەڵکی بەریتانیا کە باجەکەی دەدەن، ئەم سیستمە لە دەست دەرچووە و نادادپەروەرانەیە. خێرایی و قەبارەی گۆڕانکارییەکان سەقامگیریی کۆمەڵگەکانی تێکداوە و وڵاتەکەمانی کردووەتە شوێنێکی دابەشبووتر."
 
بەگوێرەی پلانە نوێیەکە، پێدانی مافی پەنابەری زەحمەتتر دەکرێت، ژمارەیەکی زیاتری خێزانەکان دیپۆرت دەکرێنەوە و پشتیوانیی دارایی بە ئاسانی بە پەنابەران نادرێت. هەروەها، دەبێت پەناخوازان ماوەیەکی درێژتر چاوەڕێ بکەن بۆ وەرگرتنی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی، کە لە پێنج ساڵی ئێستاوە بۆ 20 ساڵ درێژ دەکرێتەوە ئەگەر داواکارییەکەیان سەرکەوتوو بێت.
 
شابانا مەحموود گوتی: "ئەوانەی داهات و سامانیان هەیە، دەبێت لە خەرجیی مانەوەیاندا بەشداری بکەن. ئەمە کۆتایی بەو بێماناییە دەهێنێت کە ئێستا دەیبینین، کە پەناخوازێک مانگانە 800 پاوەندی لە خێزانەکەیەوە پێدەگات و بەم دواییانەش ئۆتۆمبێلێکی ئاودی کڕیوە، بەڵام لەسەر ئەرکی باجدەران خانووی بەخۆڕایی پێدراوە و دادگەکانیش دەڵێن هیچمان پێناکرێت."
 
وەزیرەکە هەروەها ئاماژەی بە چەند وڵاتێکی دیاریکراو کرد و گوتی: "هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە پەناخوازانی رەتکراوەی خەڵکی سوریا لێرەن، کە زۆربەیان لە رژێمێک هەڵاتوون کە لەوکاتەوە رووخاوە. وڵاتانی دیکە پلانیان هەیە بۆ جێبەجێکردنی دیپۆرتکردنەوە و ئێمەش هەمان رێچکە دەگرینەبەر."
 
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا هەروەها گوتی: "بۆ نموونە، نزیکەی 700 خێزانی ئەلبانی لە خانووی حکومیدا دەژین کە لەسەر ئەرکی باجدەرانە، لە کاتێکدا داواکارییەکانیان بۆ مافی پەنابەری رەتکراوەتەوە. بۆیە ئێستا دەست بە دیپۆرتکردنەوەی خێزانەکان دەکەین."
 
شابانا مەحموود جەختی لەوەشکردەوە: کاتێک بەربەستی گەڕانەوەکە خودی کەسەکە یان حکومەتی بەریتانیا نییە، بەڵکو وڵاتی وەرگرە، رێکار دەگرنەبەر و گوتی: "ئەمڕۆ رامانگەیاندووە کە بە ئەنگۆلا، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و نامیبیامان گوتووە ئەگەر پابەندی یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان نەبن، سزای ڤیزایان بەسەردا دەسەپێنین. من لێرەوە پەیامێکی فراوانتر دەنێرم، ئەگەر وڵاتانی دیکە ئەم وانەیە وەرنەگرن، سزای زیاتر بەدوایاندا دێت."
 
لە بەرامبەردا، کێمی بەیدناک، سەرکردەی پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزیسیۆن، پێشوازیی لەم راگەیێندراوە کرد، بەڵام بە "هەنگاوی بچووک" ناویبرد و داوای لە حکومەت کرد کە هەنگاوی زیاتر بنێت.
 
شابانا مەحموود دانی بەوەشدا نا کە خۆی لەسەر شەقام رووبەڕووی سووکایەتیی نەژادپەرستانە بووەتەوە، بەڵام گوتی: "ئەم سیستمە شکستی هێناوە و ئەرکی سەرشانی هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنە دان بەوەدا بنێن کە سیستمەکە چەندە بە خراپی شکستی هێناوە و بیکەنە ئەرکێکی ئەخلاقیی خۆیان کە چاکی بکەنەوە بۆ ئەوەی چیدیکە نەبێتە هۆی ئەو دابەشبوونەی کە هەموومان دەیبینین."
 
پێشتر، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا نووسیبووی کە سیستمەکە لەژێر "گوشارێکی تووند"دایە و رایگەیاندبوو: "سیستمی پەنابەریی ئێمە بۆ بەرگەگرتنی ئەم دۆخە دروست نەکراوە. هەروەها یاساکانمان بۆ ئەو بارودۆخە دانەنراون کە تێیدا پەناخوازان بە چەندین وڵاتی ئارامدا گەشت دەکەن پێش ئەوەی بە بەلەم هەوڵی پەڕینەوە لە نۆکەندی ئینگلیز بدەن."
 
پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار لەژێر گوشاری پارتی "ڕیفۆرم یو کەی" (Reform UK) دایە کە دژی کۆچبەرییە. بەپێی راپرسییەکان، ئەگەری هەیە ئەم پارتە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لە رووی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، پارتی کرێکاران و پارتی پارێزگارانیش تێپەڕێنێت و حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا