خەڵاتەکانی پرایمتایم ئێمی بەشێوەی ئۆنلاین دابەشکران

21-09-2020
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن ئێمی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی پرایمتایم ئێمی لە شاری لۆس ئەنجلێسی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا بەهۆی رێکارە خۆپارێزییەکانی کۆرۆنا بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو و باشترین بەرهەمە تەلەڤزیۆنییەکان هەڵبژێردران. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە کاژێر 03:00ی بەیانی بەکاتی هەولێر، کە دەکاتە کاژێر 08:00ی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بەکاتی واشنتن، 72ـەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی پرایمتایم ئێمی لەلایەن جیمی کیمێل، پێشکێشکاری بەنێوبانگی ئەمریکییەوە بەڕێوەچوو و لە کەناڵی ئەی بی سیی ئەمریکا بەشێوەیەکی راستەوخۆ پەخشکرا. 
 

پرایمتایم ئێمی خەڵاتی باشترین بەرهەمی تەلەڤزیۆنی و میدیاییە بە هەمان شێوەی خەڵاتی ئۆسكار كە بۆ نایابترین كارە سینەماییەکانە. ئێمی لە ساڵی 1949ـەوە باشترین كاری تەلەڤزیۆنی دەخاتە لیستی بەربژێرەکانی و لە دوو ئاهەنگی گەورەدا ناوەكانیان ئاشکرا دەکات. 
 
ساڵانە خەڵاتەکانی ئێمی لە دوو ئاهەنگی گەورەدا دابەشدەکرێن کە یەکێکیان تایبەتە بەو بەرهەمە تەلەڤزیۆنیانەی بە رۆژ پەخشدەکرێن کە پێی دەگوترێت "دەی تایم ئێمی"، دووەمیشیان پێیدەگوترێت پرایمتایم ئێمی کە تایبەتە بەو بەرهەمانەی بە شەو پەخشدەکرێن.   
 

لە کاتێکدا کە رێوڕەسمی ئەمڕۆ تایبەتە بە دابەشکردنی خەڵاتەکانی پرایمتایم ئێمی، دابەشکردنی خەڵاتەکانی دەیتایم ئێمی لە 26ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەر بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو. 
 
هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ چەندین ئەکتەر، زنجیرە دراما، بەرنامەی هەڤپەیڤین و گفتوگۆ، بەرنامەی زانستیی و دۆکیۆمێنتاری بەربژێرکرابوون بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکان. 
 

بۆ ئەمساڵ بەرنامەی "لاست ویک تونایت وز جۆن ئۆڵیڤەر" خەڵاتی باشترین بەرنامەی کۆمێدیی پێدرا. هەروەها خەڵاتی باشترین زنجیرەدرامای کورت بە درامای "واچمان" درا. 
 
زنجیرە درامای "شیتس کریک"یش وەکو باشترین زنجیرە درامای کۆمیدی توانی خەڵاتی ئێمیی ئەمساڵ بەدەست بێنێت. هەروەها بەرنامەی "روپاوڵز دراگ رەیس" "RuPaul's Drag Race" وەکو باشترین بەرنامەی کێبڕکێ خەڵاتی ئێمیی پێدرا. 
 
 
خەڵاتەکانی ئێمی 
 
پرایمتایم ئێمی: تایبەتە بەو کارە نایابانەی لە پرایمتایمی تەلەڤزیۆنەکانی ئەمریکا پەخشدەکرێن (ئەو کاتە کە زۆرترین کەس سەیری تی ڤی دەکەن)
 
دەیتام ئێمیز: ئەو بەرهەمانەی لە رۆژدا پەخشدەکرێن 
 
ئێمی وەرزشی: باشترین بەرنامە وەرزشییەکان
 
ئێمی هەواڵ و دۆکیۆمێنتاری: باشترین بەرنامەی دۆکیومێنتاری و هەواڵی نیشتمانی   
 
ئێمی ئەندازیاری: باشترین بەرنامە زانستی و تەکنەلۆجییەکان 
 
ئێمی هەرێمایەتی: باشترین بەرنامە و هەواڵە لۆکاڵییەکان 

 

 

جۆن ئۆلیڤەر پێنجەم خەڵاتی ئێمی بەدەستهێنا
 

جۆن ئۆڵیڤەر، میدیاکاری دیاری ئەمریکی و پێشكێشکاری بەرنامەی "لاست ویک تونایت وز جۆن ئۆڵیڤەر Last Week Tonight with John Oliver" پێشتر چوار خەڵاتی ئێمیی بەدەستهێنابوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆش لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی پرایمتایم ئێمی، پێنجەم خەڵاتی بۆ باشترین بەرنامەی کۆمیدیی بەدەستهێنا.
 
جۆن ئۆڵیڤەر بە بلۆزێکی یانەی لیڤەرپوولەوە و لە ماڵەکەی خۆیەوە، خەڵاتەکەی وەرگرت. کاتێک کە یەکێک لە رۆژنامەڤانەکان پرسیاری لێکرد جیاوازی بردنەوەی خەڵاتی ئێمی لەگەڵ بردنەوەی نازناوی پریمەرلیگ لەلایەن لیڤەرپوولەوە چیە بۆ ئەو، ئۆلیڤەر گوتی بردنەوەی پریمەرلیگ "هەستێکی زۆر عاتفی بوو" هەروەها گوتیشی کاتێک کە یورگن کڵووپ دوای بردنەوەی نازناوی لیڤەرپوول گریا، ئەویش دەستی بە گریان کردبوو. 
 
جۆن ئۆلیڤەر ئاماژەی بەوە کرد پێش بەشداریکردنی لە رێوەڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی پرایمتایم ئێمی سەیری یارییەکی لیڤەرپوولی کردووە بۆیە هەر بە بلۆزی یانە ئینگلیزییەکەوە لە رێوەڕەسمەکەدا بەشداربووە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە