مەترسی هەیە ئۆکسجینی تیتان تەواو بووبێت و گەڕان بەردەوامە

22-06-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەڵمەتێکی فرەنەتەوەیی بۆ دۆزینەوەی ژێردەریاییە ونبووەکەی نزیک کەشتیی تایتانیک بەردەوامە، مەترسیی دەکرێت ئۆکسجینەکەی تەواو بووبێت، بەڵام پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا دەڵێت، هیوایان لەدەستنەداوە و هەوڵدەدەن پێنج سەرنشینەکەی نێوی بە زیندوویی بدۆزنەوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، دوو ژێردەریایی دیکەی بێ کەشتیڤان خرانەکار بۆ دۆزینەوەی ژێردەریایی تیتان کە لە شوێنێکی باکووری زەریای ئەتڵەسیدا کە چوار کیلۆمەتر قووڵە ونبووە. ژێردەریاییە ونبووەکە لە سەرەتای گەشتەکەیەوە، بەشی 96 کاژێر ئۆکسجینی پێ بوو. مەزەندە دەکرێت بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، ئۆکسجینەکەی تەواو بووبێت. 
 
بەڵام وێڕای تەواوبوونی ئەو وادەیە، جۆن ماگێر، ئەدمیڕالی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا گوتی، ئەوان "تەواو پابەندن" بە دۆزینەوەی ژێردەرییایەکە، چونکە "پێویستە ئیرادەی خەڵکیش بۆ مانەوە لە ژیان لەبەرچاوبگیرێت، بۆیە بەردەوامین لە گەڕان و هەوڵەکانی رزگارکردن."
 
ژمارەیەک ئامێر و شارەزای دیکە لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لە گەڕانەکەدا بەشدار بوون و لە رێگەی سۆنارەوە هەست بە چەند دەنگێکی ناڕوون لە ژێر دەریادا کراوە. 
 
تیمەکانیش هەوڵەکانیان لەو ناوچەیەی زەریای ئەتڵەسیدا چڕکردوونەتەوە، بە فڕۆکەی ئەمریکا و کەنەدا، کەشتی و رۆبۆتی لەدوورەوە کۆنتڕۆڵکراو، بەدوای هیوایێکدا دەگەڕێن. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، رۆبۆتێکی ژێردەریایی فەرەنسیش خرایە خزمەت گەڕانەکە کە توانای هەیە بچێتە قووڵایی شەش هەزار مەتر. پسپۆڕان ئەو رۆبۆتە بە "ئومێدی سەرەکی" دۆزینەوەی ژێردەریاییە ونبووەکە دادەنێن.  
 
کەشتیی هۆرایزن ئارکتیک-ی کەنەدیش رۆبۆتێکی خستووەتەکار، کە گەیشتووەتە بنی زەریاکە و دەستی بە گەڕان کردووە. ماگێر ئاماژە بەوە دەکات، کەشتیێک بە دەرمان و ستافی پزیشکییەوە بەرەو ناوچەکە کەوتووەتەڕێ.
 
دۆزینەوەی دەنگەکان لە رێگەی سۆنارەوە، هیوای ئەوەی دروستکردووە سەرنشینەکانی ژێردەریاییە گەشتیارییە بچووکەکە زیندووبن، وێڕای ئەوەی هێشتا شارەزایان نەیانتوانیوە شوێنی راستەقینەی دەنگەکان بدۆزنەوە. 
 
جەمی فرێدریک، کاپتنی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا گوتی: "بۆ ئەوەی راشکاوبم لەگەڵتان، ئێمە نازانین ئەو دەنگانە چین. پێویستە گەشبین و بە هیوا بین."
 
بەگوێرەی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا، ژێردەریایی تیتان، کاژێر 8:00ی بەیانیی رۆژی یەکشەممەی رابردوو، شۆڕبووەوە بۆ نێو زەریا، بڕیاربووە حەوت کاژێر دوای ئەوە بگەڕێتەوە سەر رووی زەریاکە. 
 
دوای کەمتر لە دوو کاژێر لە گەشتەکەی بۆ بینینی تایتانیک، پەیوەندی لەگەڵ ژێردەریاییە شەش مەتر و نیوەکەدا نەما. 
 
هامش هاردینگ، ملیاردێری بەریتانی؛ شازادە داوود، ملیاردێری پاکستانی و سلێمانی کوڕی، کە هەردووکیان وڵاتینامەی بەریتانییان هەیە، لە نێو ژێردەریاییەکەدا بوون. 
 
کۆمپانیای ئۆپن گەیت ئێکسپدشنز بۆ هەر سەرنشینێکی ژێردەریاییەکە، 250 هەزار دۆلاری وەرگرتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە