رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت، رۆژی شەممە و یەکشەممە، ئەمریکا کارمەندی زیاتری باڵیۆزخانەکەی لە عێراق کشاندووەتەوە، ئەوەش بەهۆی "زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە."
چەند کاژێرێک دوای ئەوەی ئەمریکا سێ بنکەی ئەتۆمیی سەرەکیی ئێرانی بۆردوومان کردن، بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ئەمریکا لە رۆژی شەممەوە دەستیکردووە بە "کشاندنەوەی هۆشیارانەی بەشێک لە کارمەندەکانی بەهۆی ئەو گرژییانەی لە ناوچەکەدا هەن."
پرۆسەی کشاندنەوەی کارمەندەکان لەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئەمریکا دەستیپێکرد.
وێڕای ئەو رێکارانە، کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر و باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا بە کراوەیی ماونەتەوە و لە کارکردن بەردەوامن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا چووە نێو جەنگی ئیسرائیل لە دژی ئێران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، ئەسفەهان و نەتەنز.
ئێران هەڕەشەی کردبوو کە ئەگەر ئەمریکا هێرشی بکاتە سەر، تۆڵە لە بنکە سەربازییەکانی دەکاتەوە.
لە عێراق، نیگەرانییەکان لە زیادبووندان لەوەی کە رەنگە گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران دەستوەردان بکەن، لە کاتێکدا ئەو گرووپانە هەڕەشەیان کردووە هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەگەر ئەمریکا بچێتە نێو جەنگەوە.
رۆژی یەکشەممە، حکومەتی عێراق "نیگەرانیی و سەرکۆنەی تووندی لە دژی بە ئامانجکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران" راگەیاند.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی: "زیادبوونی گرژییە سەربازییەکان هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و مەترسیی گەورەی هەیە بۆ سەر سەقامگیریی جیهانی."
عەوادی هۆشداریدا لەوەی "بەردەوامبوونی ئەم جۆرە هێرشانە ئاکامی ترسانکی لێدەکەوێتەوە کە لێکەوتەکانی بۆ دەرەوەی هەر وڵاتێک درێژ دەبنەوە."
عێراق داوای "هێورکردنەوەی دەستبەجێ و کردنەوەی بەپەلەی دەرەچەکانی دیپلۆماسی بۆ بەرگرتن بە دۆخەکە و چارەسەرکردنی قەیرانەکە دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ