جیهان
ژنێکی سووری لە دانیمارک دەڵێت، سووریا سەلامەت نییە بۆ ژیان. وێنە: THIBAULT SAVARY/AFP via Getty Images
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچبەرانی دانیمارک بە رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەیان پەناخوازان "بە زۆرەملێ ناگەڕێنێتەوە سووریا"، بەڵام دامودەزگاکانی ئەو وڵاتە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە دۆخی پارێزگەکانی دیمەشق، ریفی دیمەشق و لازقییە "گۆڕاوە"؛ بۆیە هەڵسەنگاندن بۆ پەناخوازانی خەڵکی ئەو سێ پارێزگایە دەکرێت و ئەگەر بۆیان دەرکەوت لە کاتی گەڕانەوەیان مەترسیی چەوساندنەوەیان لەسەر نابێت، ئەوا مافی مانەوەی کاتییان لێ دەسەنرێتەوە.
ئاداری ئەمساڵ، رێکخراوی چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ- هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد، پەناخوازانی سووریایی لە دانیمارک لە مەترسیی گەڕاندنەوەی زۆرەملێدان.
ساڵی 2019، حکومەتی دانیمارک، پارێزگاکانی دیمەشق و ریفی دیمەشق و سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵیش تەرتوس و لازقیەی بە "سەلامەت" بۆ ژیان پۆلێنکرد، کە هەر چواریان لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادان. هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، "پۆلێنکردنەکە بە واتای ئەوە دێت، دەکرێت پەناخوازە سووریاییەکانی ئەو ناوچانە، مافی پاراستنی کاتی لە دانیمارک لەدەستبدەن و ناچاربکرێن بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان."
بەڵام وەزارەتی کۆچبەرانی دانیمارک لە ئیمەیڵێکدا رۆژی هەینی بە رووداوی راگەیاند، "دانیمارک خۆی لە هەر هەنگاوێک بەدوور دەگرێت کە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی سووریا سەیربکرێت،" جەختیش دەکاتەوە، "دانیمارک بەهیچ شێوەیەک بیر لەوە ناکاتەوە رێککەوتنێک لەسەر گەڕاندنەوەی زۆرەملێ لەگەڵ رژێم بکات."
بە گوێرەی ئەو روونکردنەوەیەی کە وەزارەتەکە تایبەت بۆ رووداوی ناردووە، پارێزگای تەرتووس لە نێو ئەو شوێنانەدا نەماوە کە دانیمارک بە سەلامەت بۆ گەڕانەوەی پەناخوازان دایاندەنێت.
وەزارەتی کۆچبەرانی دانیمارک دەڵێت، "لەم کاتەدا دامودەزگاکانی کۆچبەرانی دانیمارک تەنیا هەڵسەنگاندن بۆ کەسانی خەڵکی دیمەشق، ریفی دیمەشق و لازقیە دەکەن سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوە یان رەتکردنەوەی درێژکردنەوەی مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کاتی،" دەشڵێت، "هەڵوەشاندنەوەکە تەنیا ئەو دۆسیانە دەگرێتەوە کە بە گوێرەی هەڵسەنگاندنی دامودەزگاکان کەسەکە لە مەترسیی چەوساندنەوەدا نییە ئەگەر گەڕێندرایەوە."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو دۆسیەکانی هەڵوەشاندنەوەی مافی مانەوەی کاتی یان رەتکردنەوەی درێژکردنەوەی مافەکە، سەرەتا لە لایەن فەرمانگەی کۆچبەرانی دانیمارکەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، دواتر لە لایەن "دەستەی تێهەڵچوونەوەی داواکاریی پەنابەران" کە لە سێ ئەندام بە سەرۆکایەتیی دادوەرێک پێکدێت، بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت.
وەزارەتی کۆچبەرانی دانیمارک بۆ رووداوی نووسیوە، "سەبارەت بەو کەسانەی کە خەڵکی لازقیەن، تەنیا دوو دۆسیە لە لایەن دەستەی تێهەڵچوونەوەی داواکاریی پەنابەرانەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە؛ دەستەکە بۆی دەرکەوتووە کە داواکارەکان بەهۆی دۆخی کەسیەوە پێویستیان بە پاراستنە؛ بۆیە مافی پەنابەرێتیان پێدرا."
پارێزگای لازقیە هاوسنوورە لەگەڵ دەریای نێوەڕاست و یەکێکە لەو شوێنانەی بە درێژایی ململانێکە، حکومەتی بەشار ئەسەد تێیدا باڵادەست بووە و بە رادەی پارێزگەکانی نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی سووریا شەڕ و پێکدادانی بەخۆیەوە نەبینیوە.
لە ساڵی 2019ـەوە، دانیمارک لە کۆی هەزار و 300 دۆسیە کە بەدواداچوونی بۆکردووە، مۆڵەتی مانەوەی 150 پەناخوازی سووریایی خەڵکی دیمەشق و ناوچەکانی دەوروبەری هەڵوەشاندووەتەوە، ئەمە بە گوێرەی فەرمانگەی کۆچبەرانی دانیمارک.
ساڵی 2021، ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا رەخنەیان لە دانیمارک گرت لە بەرامبەر ئەوەی کە هەوڵیداوە پەناخوازان بگەڕێنێتەوە دیمەشق، دوای ئەوەی کە حکومەتی دانیمارک رایگەیاند بارودۆخی پایتەختی سووریا لەبارە.
بە گوێرەی رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ (لێبوردنی نێودەوڵەتی)، دانیمارک و هەنگاریا تەنیا وڵاتن لە نێو یەکێتیی ئەوروپا کە مافی مانەوەی پەناخوازانی سووریاییان هەڵوەشاندبێتەوە.
ئەو پەناخوازانە نێردراون بۆ ناوەندەکانی گەڕاندنەوە یانیش خۆویستانە دانیمارکیان جێهێشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ